زێلێنسکی: ئۆکرانیا ئاشتی دەوێت
وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا: کێیڤ دەیەوێت جەنگ کۆتایی پێبێت

سەرۆکی ئۆکرانیا دەڵێت: کێیڤ بە زووترین کات ئاشتی دەوێت. لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ڕایگەیاند: دەمانەوێت جەنگ کۆتایی پێبێت و ئەمەریکاش زۆر گرنگی بە پرۆسەی ئاشتیی وڵاتەکەمان دەدات.
هەینی 7ـی ئاداری 2025، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرنیا، پەیامێکی ڤیدۆیی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، لەگەڵ تیمەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕژدی کاردەکەن و ئامانجەکەشیان پرۆسەی ئاشتییە و دەیانەوێت بە زووترین کات لە ئۆکرانیا ڕابگەیەندرێت.
باسی لەوەش کرد، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا لە سعوودییە، بۆ مەبەستی ڕاگرتنی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا کۆدەبێتەوە و ئۆکرانیا بە تەواویی پابەندە بە ڕێبازێکی بنیادنەرەوە.
لای خۆیەوە ئەندری سێبییا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسەی کردووە و باسیان لە پرۆسەی ئاشتیی ئۆکرانیا کردووە.
ئەندری سێبییا، دەڵێت: ئۆکرانیا دەیەوێت کۆتایی بە جەنگ بهێنێت، هەروەها سەرکردایەتیی ئەمەریکاش زۆر گرنگی بە بەرقەراربوونی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ئۆکرانیا دەدات.
دووشەممەی داهاتوو، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرنیا سەردانی سعوودییە دەکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە.
لەو بارەیەوە، ترەمپ گوتی: هەفتەی داهاتوو لە سعوودییە لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا کۆدەبمەوە و هاوکاری دەکەم بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕووسیا ڕێکبکەوێت بە مەبەستی ڕاگرتنی جەنگ.
هاوکات دەشڵێت: ڕووسیا و ئۆکرانیا هیچ کارتێکیان لەبەر دەستدا نییە جگە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن.