دەم پارتی پەیامەکەی ئۆجەلان لەگەڵ لایەنەکان تاوتوێ دەکات

لۆگۆی دەم پارتی
لۆگۆی دەم پارتی

بە گوێرەی میدیای نزیک لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، شاندی پارتەکە، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) جارێکی دیکە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کۆ دەبێتەوە. 

ئەو شاندەی دەم پارتی کە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەکات، لە تولای هاتیمئۆغوڵلاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی پێک دێت. 

بە گوێرەی کارنامەی سەردانەکان، شاندەکەی دەم پارتی، کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ڕۆژی دووشەممە، 10-03-2025، لەگەڵ پارتی ئەمەک (EMEP) لە پەرلەمان کۆ دەبێتەوە. دواتر لە هەمان ڕۆژ، کاتژمێر 13:00 سەردانی بارەگای  پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەکات.

ئاماژە بەوەش کراوە، شاندەکەی دەم پارتی، کاتژمێر  11:00ـی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، 12-03-2025، لەگەڵ پارتی کرێکارانی تورکیا (TİP) لە پەرلەمان کۆ دەبێتەوە.

بڕیاریشە ڕۆژی 17ی ئەم مانگە، شاندەکە سەردانی بارەگای گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بکات و لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی ئەو پارتە کۆببێتەوە.

پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی باخچەلی و دەمیرتاش

ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی یەکشەممە 2ـی ئاداری 2025، ناگێهان ئاڵچی، نووسەری ماڵپەڕی "خەبەرتورک" ڕایگەیاندبوو، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاڵچی، لە گفتوگۆ تەلەفۆنییەکەدا باخچەلی بەهۆی پاڵپشتیەکانی بۆ قۆناغی ئاشتی، سوپاسی دەمیرتاشی کردووە.

دوای پەیامی عەبدوڵلا ئۆجەلان و پەیامەکەی باخچەلی، دەمیرتاش هیوای تەمەندرێژیی بۆ باخچەلی و ئەردۆغان و ئۆجەلان خواستبوو. 

پێشتریش لە 2ی کانوونی دووەمی 2025، شاندی دەم پارتی کە پێکهاتبوو لە سووره‌یا ئۆنده‌ر، په‌روین بوڵدان و ئەحمەد تورک، لە ئەنقەرە سەردانی دەوڵەت باخچەلیـیان کردبوو. 

پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە

پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕالی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.

ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی بە زمانی کوردی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو "پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت." لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو "پێویستە پەکەکە چەک دابنێت، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنتەوە. بەرپرسیارەتیی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرم."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment