خامنەیی: ناچینە ژێر فشاری هیچ وڵاتێکی خۆسەپێن

ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و وڵاتانه‌ی داوای دانوستان ده‌كه‌ن، نایانه‌وێت كێشه‌كان چاره‌ بكرێن و مه‌به‌ستیانه‌ خۆیان بسه‌پێنن.

شه‌ممه‌، 8ـی ئاداری 2025، عه‌لی خامنه‌یی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگه‌یاند، تاران هه‌رگیز به‌و داواكارییانه‌ ڕازی نابێت كه‌ داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی لێ ده‌كه‌ن.

عه‌لی خامنه‌یی جه‌ختی كرده‌وه‌، ناچێته‌ ژێر بار و فشاری دانوستانی هیچ وڵاتێكی به‌ڵته‌جی. گوتیشی، هه‌ندێك وڵاتی خۆسەپێن سوورن له‌سه‌ر دانوستان، نه‌ك بۆ چاره‌كردنی پرس و كێشه‌كان، به‌ڵكوو بۆ سه‌پاندنی داواكارییه‌كانیان.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز"، ڕایگەیاند، لە بارەی ڕێککەوتن لەسەر هه‌ینی، 7ـی ئاداری 2025، پرسی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ناردووە.

دۆناڵد ترەمپ گوتی: لە نامەکەدا هیوام خواست کە بێن دانوستاندن لە بارەی پرسی ئەتۆمی بکەن، چونکە ئەمە تاکە ڕێگەیە کە بۆ ئێران باش بێت.

ترەمپ ڕاشیگەیاند، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن، چەکێکی تری ئەتۆمی دروست ببێت.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەشی دا، ئێران بۆ چارەسەری ئەو پرسە دوو ڕێگەی لە بەردەستە، ئەوانیش یان لە ڕێگەی سەربازییەوە دەبێت، یانیش بەشێوەی ڕێککەوتن. گوتیشی: من ڕێگای ڕێککەوتنەکەم پێ باشترە، چونکە نامەوێت ئازاری ئێران بدەم.