ڕاوێژکاری داهاتووی ئەڵمانیا دەیەوێت بەر لە جەژنی ئیستەر حکوومەت پێکبهێنێت

هاوپەیمانی نێوان دوو پارت بۆ پێکهێنانی حکوومەت لە ئەڵمانیا نەریتێکی باوە، بۆیە پارتی پارێزگارانی ئهڵمانیا و پارتی دیموکراتی کۆمەڵایەتی، گفوگۆییەکانیان دەست پێ کردووە بۆ ئەوەی پێش جەژنی ئیستەر هاوپەیمانییەک پێکبهێنێت.
شەممە 8ـی ئاداری 2025، فرێدریک مێرز، سهرۆكی پارتی پارێزگارانی ئهڵمانیا ڕایگەیاند، گفتوگۆی سەرەتاییان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کۆمەڵایەتی لە بارەی پێکهێنانی کابینەی حکوومەتی داهاتووی وڵاتەکەیان دەستی پێ کردووە.
ڕاوێژکاری داهاتووی ئەڵمانیا، بەڵێنیدا ڕێوشوێنی توند بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی بگیرێتەبەر، لەوانەش؛ توندکردنی ڕێوشوێنی ئەمنیی سنوورەکانی ئەڵمانیا .
هەروەها گوتی: بۆ پشتگیریکردنی بازرگانی وڵات دەبێت گەشەی ئابووری بەرز بکرێتەوە و تێچووی وزە کەم بکرێتەوە.
فرێدریک مێرز، ئامانجیەتی بەر لە جەژنی ئیستەر هاوپەیمانییەک پێکبهێنێت، چونکە پێی وایە ئەڵمانیا بەهۆی هەڕەشەکانی ڕووسیا کاتی پێویستی لەبەر دەستدا نەماوە، بە تایبەتی کە ئەمەریکا دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ وەکوو هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو سەیر ناکرێت.
هەر یەک لە پارتی پارێزگارانی ئهڵمانیا و پارتی دیموکراتی کۆمەڵایەتی، ئامانجیانە ڕێوشوێنێک لە پەرلەمانی وڵاتەکەیان پەریرەو بکەن بۆ سنووردارکردن و کەمکردنەوەی قەرزەکانی ئەڵمانیا و بەرزکردنەوەی گەشەی ئابووری و زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکان.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆیەکان، هەردوو پارتەکە باسیان لە دابینکردنی مووشکی دوور مەودا بۆ ئۆکرانیا کردووە، پێشنیازەکە لەلایەن فرێدریک مێرز کراوە، بەڵام ئۆلاڤ شۆڵز، ڕاوێژکاری ئێستای ئەڵمانیا لە هەلومەرجێکی وادا دژی ئەو پێشنیازەبووە.
یەکشەممە 23ـی شوباتی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا کاتژمێر 10 بە کاتی هەولێر بنکەکانی دەنگدان بەرەو هاووڵاتییاندا کرانەوە و کاتژمێر 8ـی ئێوارەش بنکەکانی دەنگدان داخران.
بە گوێرەی ئەنجامەکان، پارتی پارێزگارانی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیی فرێدریک مێرز پلەی یەکەمی گرت و 211 کورسی پەرلەمانی مسۆگەر کرد، هەروەها پارتی شوێنگرەوە بۆ ئەڵمانیاش بە سەرۆکایەتی ئەلیس ڤایدل، بە بەدەستهێنانی 142 کورسی لە پلەی دووەمە.
هاوکات پارتی دیموکراتی کۆمەڵایەتییش بە سەرۆکایەتی ئۆلاف شۆڵز 116 کورسی مسۆگەر کردوو و لە پلەی سێیەمە.