سەرکردەی درووزەکان داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی شەڕ دەکات
سەرکردەی درووزەکان داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، دەستوەردان بکەن بۆ ئەوەی دەستبەجێ شەڕی ناوخۆی سووریا ڕابگرن، هاوکات لە هەموو لایەک داواکارە ڕێز لە یاسا و بنەما ئایینییەکان بگرن.
شەممە 8ـی ئاداری 2025، شێخ حیکمەت هاجیری، سەرکردەی درووزەکان لە پارێزگای سووەیدا لە باشووری سووریا، داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی شەڕ ناوخۆ و ئاگربەست دەکات.
هاوکات شێخ حیکمەت، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەکات دەستوەردان بکەن بۆ ئەوەی ڕشتنی خوێنی لە سووریا رابگرێت و ئاشتی لە ناوچەکە بەرقەرار بێت.
هەروەها هۆشداری دا کە سووریا ئێستا لە نێو ئاگرداییە و گوتیشی: ئێمە سەرکۆنەی ئەم کوشتارە سیسەتماتیکە دەکەین و داوای دەستبەجێ کۆتاییهێنان بەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە ناڕەوایانە دەکەین، کە دژی خەڵکی سڤیلی بێتاوانن، کە تەنیا توندوتیژی و ناسەقامگیری زیاتر دەکەن.
داوا لە هەموولایەک دەکات، ڕێز لە یاسا و بنەما ئایینییەکان بگرن بە تایبەت کە لە ئایینەکەیان کوشتنی خەڵکی بێتاوان ڕێگە پێنەدراوە.
پێنجشهممه، 6ـی ئاداری 2025، شهڕ و پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و پاشماوهكانی ڕژێمی پێشووی بهشار ئهسهد لە پارێزگای لازقیە كه زۆرینهی دانیشتووانهكهی عهلهوین ڕووی دا و دواتر پێكدادانهكان جهبله و بانیاس و ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری ناوچە عەلەوییەکانی گرتهوه و ژمارهیهكی زۆریان بوونه قوربانی.
شەممە 8ـی ئاداری 2025، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەبارەی نوێترین ئاماری کوژراوانی شەڕی نێوان عەلەوییەکان و سوپای حکوومەتی نوێی سووریا، وەڵامی کوردستان24ـی دایەوه و بە پێی زانیارییەکانی ڕوانگەكە، لە دوو ڕۆژی شەڕ و پێکدادانەکاندا ژمارەی كوژراوان بۆ 600 کەس بەرز بووەتە.