ناتۆ: بۆ سەقامگیریی ئەورووپا دەبێت بودجەی بەرگریمان زیاد بکەین

مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ
مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ

سکرتێری گشتیی ناتۆ ڕایگەیاند، بۆ سەقامگیریی یەکێتیی ئەورووپا دەبێت وەبەرهێنانی زیاتر لە کەلوپەلی سەربازیدا بکەین و بودجەی بەرگریی هاوپەیامانییەکە زیاد بکەین.

شەممە 8ـی ئاداری 2025، مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پێویستمان بە پارەی زیاترە بۆ ئەوەی خۆمان بپارێزین.

سکرتێری گشتیی ناتۆ گوتیشی: لەگەڵ زیادکردنی بودجەکەمان، دەبێت بە خێرایی وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی سەربازیدا لە هەردوو بەرەی زەریای ئەتڵەسی بکەین.

ئەوەشی خستەڕوو، وەبەرهێنانەکانیش دەبێت لە بواری تەقەمەنی، کەشتی، تانک، فڕۆکەی جەنگی، مانگە دەستکرد و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بێت.

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ کیێڤ ڕاگرت، گومانی خستە دڵی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا، بۆیە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە پەلە لە زیادکردنی خەرجیی بەرگرییان دەکەن. 

ڕۆژی پێنجشەممە 6ـی ئاداری 2025، سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە بارەی پشتگیریکردن لە قەرزی هاوبەش بۆ  خەرجکردن لە بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە کۆبوونەوە. 

 
 
Fly Erbil Advertisment