بە هۆی پرۆژەی ڕووناکی نزیکەی 400 مۆلیدە لە هەولێر کوژێنراونەتەوە

جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیران جەخت لەوە دەکاتەوە، پڕۆژەی ڕووناکی کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پاکڕاگرتنی ژینگەی هەولێر هەبووە و لە ڕێگەی پرۆژەکەوە، 400 مۆلیدەی ئەهلییان لە هەولێر کوژاندووەتەوە. 

عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ڕایگەیاند "بە هۆی پرۆژەی ڕووناکییەوە نزیکەی 400 مۆلیدەی ئەهلی لە نێو گەڕەکەکانی هەولێر کوژێنراونەتەوە."

بە گــوتەی جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیران " کاریگەریی کوژانەوەی ئەو 400 مۆلیدە ئەهلییە لەسەر ژینگە، هاوشێوەی لابردنی 60 هەزار بارهەڵگرە لەسەر شەقامەکان."

عەزیز ئــەحمەد ئاماژەی بەوەش داوە "نزیکەی پێنج هەزار مۆلیدەی ئەهلی لە سەرتاسەری کوردستان هەن، بەڵام کارپێکردنیان تا ئێرەیە و بەس، چونکە بەگوێرەی پلانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، تا کۆتایی ساڵی 2026، کارەبای هەرێمی کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێر."

عەزیز ئەحمەد جەختی لەوەکردەوە، تاوەکوو ئێستە نزیکەی 90 هەزار خانوو و شوێنی کار لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکییەوە، کارەبایان بووەتە 24 کاتژمێری.