باخچەلی: پێویستە پەکەکە و باڵەکانی چەکەکانیان ڕادەستی تورکیا بکەن

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، پێویستە پەکەکە و دەست و پێوەندەکانی بە زووترین کات و بەبێ مەرج، خۆیان لە چەک دابماڵن و چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا بکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی ئاداری 2025، سەرۆکی گشتیی مەهەپە، لە نوێترین پەیامیدا دەڵێت: "سەردەمی توندوتیژیی و چەکداری کۆتایی هاتووە، ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر ئەوەیە، کە مێژوو و جوگرافیاکەی بە ئاشتی بنووسێتەوە و بە گیانێکی ئاشتی و برایەتی بینەخشێنێت."

دەشڵێت: "بە یەکڕیزی و بە هەنگاوی دڵسۆزانە و ڕاستەقینە، تورکیا لە پێشینەی 41 ساڵەی تیرۆر، پاک دەکرێتەوە."

باخچەلی، ئاماژەی بە بانگەوازەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان دا و دەڵێت " بانگەوازەکە پەکەکە و هەموو دەست و پێوەندەکانی دەگرێتەوە، ئەوە داوای خودی سەرکردەی ڕێکخراوەکەیە و پێویستە بە یەپەگەشەوە بەدەم بانگەوازەکەوە بچن."

سەرۆکی گشتیی مەهەپە جەخت دەکاتەوە، پێویستە پەکەکە و دەست و پێوەندەکانی بە زووترین کات چەکەکانیان دابنێن و ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا بکەن؛ دەشڵێت: جگە لەمە هیچ بژاردەیەکی دیکە بە ڕەوا نازانرێت، هەربۆیە پەکەکە و ڕێکخراوەکانی ناچارن پابەندی بانگەوازە مێژووییەکەی ئیمرالی بن، بەپێچەوانەوە هەر کەس و لایەنێک بە نایاسایی چەک هەڵگرێت، دەبێت قورسترین باج بدات.

پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە

پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕالی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.

ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی بە زمانی کوردی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو "پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت." لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو "پێویستە پەکەکە چەک دابنێت، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنتەوە. بەرپرسیارەتیی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرم."

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment