چوار کەسی دیکە لە سلێمانی بەهۆی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا
K24 – سلێمانی
سەرۆکی تیمی ناشتنی ئەوانەی بەهۆی کۆرۆنا گیانلەدەستدەدەن لە سلێمانی، رایگەیاند "چوار کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە".
ئەو چوار کەسە دووانیان خەڵکی نێو شاری سلێمانین، ئەوانەی دیکەش خەڵکی کەلار و سەیدسادقن.
عەبدوڵڵا ئەحمەد، جێگری بەرێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی و سەرۆکی تیمی ناشتنی مردووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە راگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ (شەممە، 11-7-2020) هەروەها دەڵێ "خۆشبەختانە تادێت ئامارەکانی مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی کەمتر دەبنەوە، کە ئەوەش تەنها بە پابەندبوونی ئێوەی هاووڵاتییانی ئازیز دەبێت".
بەگشتی تائێستا 8 هەزار و 937 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە شەش هەزار و 230 کەسیان دانیشتووی سنووری پارێزگای سلێمانین، هەروەها ژمارەی ئەوانەی لە سلێمانی بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە 257 کەسە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێژەی مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێو تووشبووانی پارێزگای سلێمانی 3.4٪ـە، هەروەها 39.9٪ـی تووشبووانیش چارەسەر کراون.
هـ.ر.