مەزڵووم عەبدی داوا لە شەرع دەکات کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان ڕابگرێت

مەزڵوم عەبدی داوا لە ئەحمەد شەرع دەکات، بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی سووریا بکات و کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان ڕابگرێت، هاوکات تورکیا و "گرووپە ئیسلامە توندڕەوەکان" بە بەرپرسیار لەم دۆخەی وڵاتەکە دەزانێت.

یەکشەممە 9ـی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، دەبێت ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا دەسوەردان بکات بۆ ئەوەی ئەو کۆمەڵکوژییەی عەلەوییەکان ڕابگرێت.

هەروەها ڕاشیگەیاندووە، "ئەو گرووپانە لەلایەن تورکیا و گرووپە ئیسلامە توندڕەوەکان پشتیوانیی دەکرێن، بە شێوەیەکی سەرەکی بەرپرسیارن لەو کۆمەڵکووژیەوە".

مەزڵووم عەبدی، داوای ئەوەشی لە ئەحمەد شەرع کردووە، کە پێداچوونە بە پێکهاتەکانی سوپای نوێی سووریادا بکات، بە تایبەت هەڵسوکەوتی هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان. 

هۆشداریشی دا، کە هەندێک لەو گرووپانە پێگەی خۆیان بۆ هاندانی ململانێی تائیفی و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکان بەکار دەهێنن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانی فەرماندەی هەسەدە هاتووە، لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە گفتوگۆدان بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی لەگەڵ هێزی بەرگریی سووریا.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەو لێدوانانەی ڕەت کردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە نەبووە.

لە ماوەی 14 ساڵی ڕابردوودا شەڕ و ناکۆکی لە نێوان تورکیا و هێزە کوردییەکان لە ناوچەکەدا هەبووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی ئاداری 2025، ڕوانگەی سووری ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی ڕووبەڕووبوونەوەکەی کەناراوەکانی سووریا بۆ هەزار کەسی تێپەڕاند.

ڕوانگەی سووری ئاماژەی بەوە دا، ژمارەی کوژراوان لە ڕووبەڕووبوونەوەی کەناراوەکانی سووریا تا ئێوارەی شەممە، گەیشتووەتە هەزار و 18 کەس.

ڕوانگەکە ڕوونی کردەوە، لە نێو کوژراوەکاندا 745 هاووڵاتی سڤیل هەن کە کۆمەڵکووژ کراون.

ڕوانگەی سووری کوژرانی 125 ئەندامی ئاسایشی گشتیی و وەزارەتی بەرگریی و هێزەکانی هاوپەیمانیی پشتڕاست کردەوە.

بە گوێرەی ڕوانگەکە، لە نێو کوژراوەکاندا 148 چەکدار لە پاشماوەکانی ڕژێمی یاخیبووی پێشوو هەبوون.