ئەحمەد شەرع: لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ناوچەی کەناراوەکان پێکدەهێنین

ئەحمەد شەرع
ئەحمەد شەرع

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ڕاگوزەری سووریا ڕایگەیاند: لێژنەیەکی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ناوچەی کەناراوەکان پێکدەهێنن، دەشڵێت: لێژنەکە لێکۆڵێنەوە لە پێشێلکارییەکان دەکات.

یەکشەممە 9ـی ئاداری 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ڕاگوزەری سووریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: لێژنەیەکی سەربەخۆیان بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی کەناراوەکانی سووریا پێکهێناوە کە لێکۆڵینەوە لەو پێشێلکارییانە دەکات دەرهەق بە هاووڵاتییانی مەدەنی کراوە.

شەرع ئاماژە بەوە دەکات، ئەرکی لێژنەکە ئاشکراکردنی هۆکار و دۆخی ڕووداوەکانە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەوانەی بەرپرسن لە تاوانی کۆمەڵکوژکردنەکە دەدرێنە دادگا، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، هەموو هاوکارییەکی ئەو لێژنەیە بکەن.

سەرۆکی ڕاگوزەری سووریا دەڵێت: لێژنەکە بۆی هەیە داوای هاوکاری لە هەر لایەک بکات کە پێویستیانە بۆ لێکۆڵینەوەکان، پێویستیشە لەماوەی کەمتر لە 30 ڕۆژ لێژنەکە ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەکانی خۆی پێشکەش بە سەرۆکایەتی سووریا بکات.