مانگی ڕابردوو لە هەولێر سەگ پەلاماری 54 کەسی داوە

نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر ڕایگەیاند: لە مانگی ڕابردوو 54 حاڵەتی گەستنی سەگ تۆمارکراوە.

د.کاروان یاسین نانەکەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: مانگی ڕابردوو، سەگ پەلاماری 54 کەسی داوە، تەواوی ئەو کەسانەش چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە کە منداڵیشی تێدا بووە، دەشڵێت: ئێستا دەرمانی دژە هاری بەردەستە، بەڵام ناو بەناو کەم دەبێت لەبەر ئەوەی دەرمانەکە لە بەغداوە دێت.

د.کاروان ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتی پەلاماردانی سەگ، دەرزییەکە وەک چارەسەری لە هاووڵاتییان دەدرێت، دەڵێت: ئەو دەرزییە لە دەرەوە نرخەکەی لە 60 بۆ 70 هەزار دینارە، هەر نەخۆشێکیش سێ بۆ چوار دەرزی لەو شێوەیەی پێویستە.