چوار کەس لە هەولێر بە تۆمەتی تەقەکردن دەستگیر کران

پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت: چوارکەس بە تۆمەتی تەقەکردن و هەڕەشەکردن و جنێودان و هەڵکوتانە سەر ماڵێک دەستگیرکراون.

یەکشەممە 9ـی ئاداری 2025، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: چوار تۆمەتباری بە تۆمەتی تەقەکردن و هەڕەشەکردن و جنێودان و هەڵکوتانە سەر ماڵێک دەستگیر کردووە.

پۆلیسی هەولێر ئاشکرای کردووە،  ئەو تۆمەتبارانە کە دووانیان کوڕ و باوکن و خەڵکی سنووری قەزای خەباتن، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵێک لە شاری هەولێر، بۆیە دوای تۆمارکردنی سکاڵا، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە دەستگیر کران و ڕادەستی دادگا کران.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لەکاتی بوونی هەر گرفت و کێشەیەک، هاووڵاتیان پەنا نەبەنە بەر توندوتیژی، بەڵکو پۆلیس ئاگادار بکەنەوە، دەشڵێت: هەرکەسێک سەرپێچیی یاسا بکات، ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.