ڕۆژنامەی لۆمۆند: ڕووسیا لە سەرکردایەتیکردنی فەرەنسا بۆ ئەورووپا نیگەرانە

ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی
ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی

ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی ئەمڕۆ یەکشەممە 9ـی ئاداری 2025، بڵاو کردووەتەوە، دوای ئەوەی ئیمانوێل ماکرۆن ڕایگەیاند کە بەرگریی ئەورووپا بەهێز دەکات، ڕووسیا کەوتە گومان لە فەرەنسا.

ناتیانا کاستیوفا، بەڕێوەبەری ناوەندی ڕووسیا-ئۆراسیا لە پەیمانگەی فەرەنسی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە پاریس بە ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی ڕاگەیاندووە، دڵەڕاوکێیەک هەیە لە نیازی ئەورووپا بۆ جەنگ، لە کاتێکدا ڕووسەکان ئومێدیان بەوە هەیە بە هەوڵی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆتایی بەو جەنگە بێت کە لەنێوان رووسیا و ئۆکرانیادا هەیە.

بەر لە کۆبوونەوە چاوەڕانکراوەکەی سەرکردەکانی ئەورووپا کە بڕیارە لە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو بکرێت، مۆسکۆ ئەورووپییەکانی بەوە تۆمەتبار  کرد، هەوڵدەدەن پەرە بە ئاڵۆزییەکان بدەن، یەک لە بەرپرسانی پێشووی کریملین بە لۆمۆندی ڕاگەیاندووە، فەرەنسا دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر ببینێت لە کۆتایی هاتنی گرژی و ئاڵۆزییەکان.