بەڕێوەبەرایەتیی وزە نوێبووەکان دەنگۆیەک ڕەت دەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی وزە نوێبووەکانی سەر بە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت: دەنگۆی وەرگرتنی باج لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە بەرانبەر دانانی سیستەمی سۆلار، ڕەت دەکەینەوە.

یەکشەممە، 9ـی ئاداری 2025، بەڕێوەبەرایەتی وزە نوێبووەکانی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ماوەیەکە لە سۆشیال میدیا دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەتەوە، گوایە حکوومەتی هەرێم لە بەرانبەر دانانی سیستەمی سۆلار، بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لەلایەن هاووڵاتییانەوە، باج وەردەگیرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی وزە نوێبووەکان، ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە و پێداگیری لەسەر هەوڵ و پلانەکانی خۆی بۆ یارمەتیدان و ئاسانکاریی دەکات، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن سیستەمی سۆلار پاوەر دابنێن.

بەڕێوەبەراتییەکە باسی لەوەش کردووە، لە یاسای نوێی وەزارەتی کارەبا دا هاتووە، هەر بەشداربوویەکی کارەبا، ئەگەر سیستەمی سۆلار پاوەری هەبێت، دەتوانێت لە کاتی بوونی بەرهەمی زیادەی کارەباکەی بەشە زیادەکەی لەو کاتانەی پێویستی پێی نەبێت بداتەوە ناو تۆڕی کارەبای هەرێم و تێچووی کارەبای بە شێوەی لەبری (مقاصة) لەسەری کەم دەبێتەوە.