ئەحمەد شەرع: جگە لە خۆڕادەستکردن هیچ بژاردەیەکی دیکە بۆ پاشماوەکانی ئەسەد نییە

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا

سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا دەڵێت: لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە تۆمەتبارن بە ڕشتنی خوێنی هاووڵاتییانی سڤیل. جەختی لەوەش کردەوە، ڕێگە نادەن هیچ هێزێکی دەرەکی سووریا پەلکێشی شەڕی ناوخۆیی بکات.

یەکشەممە 9ـی ئاداری 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا، ڕایگەیاند: لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەکانی سووریا پێکدەهێنین و تاوانباران سزا دەدەین، ئامانجی ئێمە ئاشتی و سەقامگیریی وڵاتەکەیە.

سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، ڕاشیگەیاند: وڵاتەکەمان ڕووبەڕووی مەترسی پاشماوەکانی ئەسەد بووەتەوە و هەموو هەوڵێک دەدەین کۆتایی بەو ئاڵۆزییانە بهێنین.

ئاماژەی بەوە دا، هیچ بژاردەیەک بۆ پاشماوەکانی ئەسەد لە وڵاتەکەدا نەماوە، ناچارن بێن دەستبەجێ خۆیان ڕادەست بکەن. جەختی لەوەش کردەوە، سووریا پەلکێشی نێو شەڕی ناوخۆیی نابێت.

ئەحمەد شەرع، گوتی: لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە تۆمەتبارن بە ڕشتنی خوێنی هاووڵاتییانی سڤیل. سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ڕێگە نادەن هیچ هێزێکی دەرەکی سووریا پەلکێشی شەڕی ناوخۆیی بکات.

گوتیشی: هەر بانگەوازێک بۆ بڵاوکردنەوەی فیتنە لە سووریا بە تاوان دەزانین و بکەرانی ئەو کارە بە توندترین شێوە سزا دەدەین. لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندی بە گەلەکەمان لە کەناراوەکانی سووریا دەکەین و گوێ بۆ داواکارییەکانیان دەگرین.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی ئاداری 2025، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی ڕووبەڕووبوونەوەکەی کەناراوەکانی سووریا هەزار کەسی تێپەڕاند.

پێنجشەممە 6ـی ئاداری 2025، لە لازقییە شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی حکوومەتی نوێ سووریا و لایەنگرانی ڕژێمی پێشووی ئەسەد ڕووی دا.

 
Fly Erbil Advertisment