جێگرەوەی ترودۆ: کەنەدا هەرگیز نابێتە بەشێک لە ئەمەریکا

مارک کارنی، سەرۆکی نوێی لیبراڵەکانی کەنەدا و پارێزگاری پێشووی بانکی ئینگلتەرا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هەرگیز نابێتە بەشێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. دوای ئەوەی لە کێبڕکێی جێگرەوەی جەستن ترودۆ وەک سەرۆکی پارتی لیبراڵەکانی کەنەدا، سەرکەوتنی بەدەست هێنا.

کارنی تەمەن 59 ساڵ کە لە نێوان ساڵانی 2013 بۆ 2020 سەرۆکایەتیی بانکی ئینگلتەرای کردووە، دوای سەرکەوتنی لە کێبڕکێی سەرکردایەتیی پارتی لیبراڵ، شوێنی ترودۆ گرتەوە.

ترودۆ کە لە ساڵی 2015وە، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا بووە، دوای ئەوەی ڕووبەڕووی بانگەشەی دەستلەکارکێشانەوە پەرلەمانتارانی پارتەکەی خۆی بووەتەوە، لە مانگی یەکدا ڕایگەیاند دەست لەکار دەکێشێتەوە.

ئێستا کارنی وەک سەرۆکی کۆمپانیای "بروکفیڵد ئەسیت مەنجەمەنێت" کاردەکات کە کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانی بەدیل کەنەدییە.

ئێستا دەبێت بڕیار بدات کەی هەڵبژاردنی گشتیی لە کەنەدا بکات کە دەبێت لە 20تشرینی یەکەم یان پێش ئەوە بکرێت.

دوای بردنەوەکەی گوتی: کێ ئامادەیە لەگەڵ من بەرگریی لە کەنەدا بکات؟

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: بەڵێ کەنەدا، پارتی لیبراڵ یەکگرتوو و بەهێز و ئامادەیە بۆ خەبات بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی باشتر.

کارنی بە ئاماژەدان بە شەڕی بازرگانی دۆناڵد ترەمپ و قسەکانی سەبارەت بە لکاندنی کەنەدا بە ئەمەریکاوە وەک دەوڵەتی 51مین، گوتی: ئێمە ئەم وڵاتەمان کردووە بە گەورەترین وڵاتی جیهان و دراوسێکانمان ناتوانن ئێمە ببەن، بە هیچ شێوەیەک.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمەریکییەکان "سەرچاوەکانمان، ئاوەکەمان، خاکەکەمان، وڵاتەکەمانیان دەوێت، بیر لەوە بکەنەوە، ئەگەر سەرکەوتوو بن، ئەوا شێوازی ژیانمان لەناودەبەن."

دەشڵێت: ئەمەریکا کەنەدا نییە، کەنەدا هەرگیز بە هیچ شێوەیەک بەشێک نابێت لە ئەمەریکا.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment