عەباس عراقچی: ڕاوێژی ئەتۆمی لەگەڵ چین، ئەورووپا و ڕووسیا دەکەین بۆ هەڵگرتنی سزاکان

دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ڕاوێژی ئەتۆمی لەگەڵ ڕووسیا، چین و ئەورووپا دەکات بۆ بەرزکردنەوەی متمانە و هەڵگرتنی سزاکان.

عەباس عراقچی لە پلاتفۆرمی  ئێکس نووسیویەتی "بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە تەواوی ئاشتیانە بووە و هەرواش دەمێنێتەوە، هەر ئەگەرێکی ڕووبەڕووبونەوەی سەربازی بەرنامە ئەتۆمییەکەمان ڕەت دەکەینەوە."

وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوەش کرد "تاران لەژێر فشار و هەڕەشەدا دانوستان ناکات. هەروەها ڕاوێژ لەگەڵ ترۆیکای ئەورووپی، ڕووسیا و چین لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر بەڕێوە دەچێت، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی متمانە و شەفافیەت لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکان."

جەختیشی کردەوە کە "ئێران بەپێی هەڵوێستەکانی لەگەڵ ئەمەریکا مامەڵەی دەکرد، هەرکات ڕێگەیەکی ڕێزدارانەی گرتەبەر، بەشێوەیەکی نموونەیی پێشوازیی لێ دەکرا، باڵام کاتێک پەنای بۆ هەڕەشە دەبرد، ڕووبەڕووی کاردانەوەی گونجاو دەبووەوە."

دوێنێ یەکشەممە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، گوتی: ئێران هەر گرژی و ئاژاوە و ناکۆکییەک، بە زیانی خۆی و ناوچەکە و جیهان دەزانێت.

پزیشکیان, لەمیانەی پەیوەندیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی نۆرویژ ڕایگەیاندبوو "لەسەر فەتوای ڕێبەری ئێران، هەرگیز هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیان نەداوە. ئیسرائیل فاکتەری سەرەکی گرژی و قەیرانەکانی ناوچەکەیە."

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment