لەسەر زیندانییەک نێوانی ئێران و سوید ئاڵۆز دەبێت

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبەرانبەر هەڵویست و دەستوەردانی هەندێک لە بەرپرسانی سوید دژی ئێران، باڵیۆزی سویدی لە تاران بانگهێشت کرد.

ئاژانسە هەواڵیەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، شەهرام قازیزادە، سەرۆکی فەرمانگەی سێیەم بۆ کاروباری ڕۆژئاوای ئەورووپا، ماتیاس ئۆترشێتد، باڵیۆزی سویدی ئاگادار کردووەتەوە و ڕەخنەی لێ گرتووە بەوەی وەزیری پەروەردەی سوید، یوهان پێرسۆن، درۆ و تۆمەتی بێبنەمای ئاراستەی ئێران کردووە و دەست لەکاروباری ناوخۆی ئێران وەردەدات، ئەمەش دژی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و دیپلۆماسیە.

ئەو بەرپرسەی ئێران گوتیشی: حکوومەتی سوید لە دۆخێکدا نییە کە دەست لەکاروباری دامەزراوە یاساییەکانی وڵاتێکی دیکە وەربدات، یان بەرگریی لە تاوانبارێک بکات کە تاوانەکەی سەلمێنرابێت."

ڕۆژی هەینی ڕابردوو، 7ـی ئاداری 2025، وەزارەتی دەرەوەی سوید، داوای لە باڵیۆزی ئێرانی لە ستۆکهۆڵم کرد، دەبێت بەخێرایی ئەحمەد ڕەزا جەلالی لێکۆڵەری ئێرانی – سویدی ئازاد بکەن، کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.

ئاماژەی بەوەش دابوو، جەلالی بەدەست نەخۆشیەکی قورسەوە گرفتارە، بۆیە پێویستە بەهۆکاری مرۆییەوە دەستبەجێ ئازاد بکرێت، تاوەکوو بتوانێت پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە بکات، هەروەها دەبێت بەخێرایی پزیشکی بۆ دابین بکرێت و ڕێگەش بە بەرپرسانی سوید بدرێت چاویان بە جەلالی بکەوێت لەزیندان.

ئەحمەد ڕەزا جەلالی پزیشک و وانەبێژ لە ئینستیتیوتی کارۆلینسکا بووە لە سوید، لە مانگی نیسانی ساڵی 2016 لە سەردانێکیدا بۆ ئێران دەستبەسەر کراو و دواتر بە تاوانی سیخوڕی و پێدانی زانیاری بە ئیسرائیل بۆ تیرۆرکردنی چەندین زانای ئەتۆمی ئێران سزا درا.

لە مانگی شوباتی ساڵی 2018دا، سوید ڕەگەزنامەی پێبەخشی و داوای لە کاربەدەستانی ئێران کرد کە سزای لەسێدارەدانەکەی جێبەجێ نەکەن.

 

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment