دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی دەداتە عێراق

دۆناڵد ترەمپ
دۆناڵد ترەمپ

ئیدارەی سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ، هۆشداریی فەرمی دەداتە عێراق بۆ ئازادکردنی ئەلیزابیس تسورکۆف، توێژەری ئیسرائیلی ڕووسیی کە دوو ساڵ لەمەوبەر لە عێراق گیراوە.

دووشەممە 10ـی ئاداری 2025، ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرونووتی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسانی عێراقییەوە گواستوویەتییەوە، ئادەم بولەر، نێردەی ئەمەریکا بۆ کارووباری بارمتەکان، نامەیەکی ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە و تێیدا هۆشداریی داوە لەوەی عێراق بەرپرسیارەتی ئازادکردنی ئەلیزابیس تسورکۆف دەگرێتە ئەستۆ.

لەو هۆشدارییە فەرمییە، ئیدارەی ترەمپ عێراقی ئاگەدار کردووەتەوە لەوەی پێویستە دەستبەجێ تسورکۆف ئازادبکەن، ئەگەر ئەوەش نەکەن، پێویستە چاوەڕێی دەرەنجامی سزای سیاسی و ئابووری بن لە ئەمەریکاوە.

یەکێک لە بەرپرسانی عێراقی ئاشکرای کردووە، بولەر ئاگەداری کردوونەتەوە کە ئەگەر تسورکۆف ئازاد نەکەن، سزای توندیان بەسەردا دەسەپێت، ئەو بەرپرسە ئاشکراشی کردووە، حکوومەتی عێراق هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی خۆی لە سزاکانی ئەمەریکا بپارێزت.