مەسرور بارزانی: ناوچەکانی ماددەی 140 ناکۆکی لەسەر نین، بەڵکو داگیرکراون
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بەر لە بەربانگ کردنەوەی لەگەڵ جووتیاران و فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەکانی سنووری میحوەری پێنجی ڕۆژئاوای کەرکووک گوتی: ناوچەکانی ماددەی 140 ناکۆکی لەسەر نین، بەڵکو داگیرکراون.
دووشەممە 10ـی ئاداری 2025، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ جووتیاران و فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەکانی سنووری میحوەری پێنجی ڕۆژئاوای کەرکووک بەربانگی کردەوە، بەر لە بەربانگ کردنەوەش گوتی: ئێمە هەموومان ئەو دیمەنانەمان بینی کە چۆن ئەو هێزانە پەلاماری جووتیارەکانیان دا، دیمەنێکی زۆر زۆر ناشرین بوو، بەڵام بینیشیمان کە دەستبەجێ جەنابی سەرۆک بارزانی هەر زوو وەڵامی دایەوە و لەگەڵ بەغداش قسەی کرد و ئامادەیی خۆشمان دەربڕی کە ئێمە ئامادەین بەهەموو جۆرێک بەرگریی لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی مافی جووتیاران بکەین.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی گوتی: ئێمە لەسەر ئەو بەڵێنە بەردەوامین، بەهیچ جۆرێک ئێمە واز لە هیچ بستێکی خاکی ئەم وڵاتە ناهێنین، بەداخەوە هەرچەندە چەندین جار بەڵێندراوە و ڕێککەوتن کراوە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا، هەر دوای دروستبوونی حکوومەتی نوێ لە دوای نووسینەوەی دەستوور لە 2005، دەبووایە ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن، من پێم وایە لەو سەردەمەش، هەڵەیەکی گەورە کرا کە ناو لەو شوێنانە نرا ناوچەی ناکۆکی لەسەر، ئەوانە ناوچەی ناکۆکی لەسەر نین، ناوچەی داگیرکراون، ناوچەی دابڕێندراون، ئەوانە هەموو ناوچەی کوردستانین کە بەزۆر لە خەڵکی ئێمە سەندراوە، دەبێت ڕۆژێک هەر بێت خەڵکی ئێمە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، بەڵام بە سەربەرزی، ئێمە دەمانەوێت بە ئاشتییانە هەموو بستێکی خاکی وڵاتەکەمان بگەڕێنینەوە، ماندووبووین لە توندوتیژی، لە شەڕکردن، بەڵام یەک هەڵوێستی و ئیرادەی بەهێزی خەڵکەکەمان دەتوانێت وابکات کە ئێمە بتوانین نەوەک هەر ماددەی ماددەی 140 جێبەجێ بکەین، بەڵکو هەموو بەندەکانی دەستووریش وەک ئەوەی هاتووە، بەو شێوەیە جێبەجێ بکرێت.