جووتیارانی کەرکووک چەند داوایەک لە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکەن
بەر لە بەربانگ کردنەوەی لەگەڵ جووتیاران و فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەکانی سنووری میحوەری پێنجی ڕۆژئاوای کەرکووک، جووتیارانی کەرکووک وێڕای ئەوەی دووپاتیان کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە، چەند داواییەکیان ئاڕاستەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کرد.
محەممەد ئەمین، جووتیارەکەی کەرکووک بەناوی جووتیارانی کورد داوای لە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کرد، هەوڵ بدەن ماددەی 140 بکرێتە ئەولەوییەتی کارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە خاوەنی ناوچە کوردستانییەکان دەزانن، داواشیان کرد پارتی و یەکێتی پەلە لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێ بکەن کە دەبێتە هۆکاری بەرگریی لە مافی کورد لە بەغدا.
مامۆستا سابیر حەسەن، مامۆستای ئایینی گوندی شەناغەی سنووری کەرکووک وێڕای ئەوەی سوپاسی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کرد کە لەگەڵیان بەربانگ دەکاتەوە و گوێ لە داواکانیان دەگرێت، گوتی: لە ساڵانی 1963ـەوە زوڵممان لێدەکرێت، ئەو عەرەبانەی هاتوونەتە ناوچەکانمان عێراقی نین، لە ناوچەی عەرعەرەوە هاتوون، ساڵی 1967 گەڕانەوە، دواتر لە ساڵی 1975 دوای نسکۆی شۆڕش، حکوومەت ئێمەی دەربەدەر کرد و عەرەبی هێنا جێگەمان، دوای 16ـی ئۆکتۆبەر دیسان ئەو عەرەبانە هاتنەوە لەگەڵ ئەوەی قەرەبووشیان وەرگرت، گوتی": بەڕێزتان و سەرۆک بارزانی لەسەر هێل بوونە بۆ چارەسەری ئەو کیشانە، بەڵام داواتان لێدەکەین هەوڵی زیاتر بدەن، چونکە حکوومەتی عێراق ڕێز لە ئیمزای خۆی ناگرێت، دەبێت لایەنی نێودەوڵەتی بێنە نێو پرسەکە.