نوێنەری دۆناڵد ترەمپ دەچێتە مۆسکۆ
نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی لەگەڵ شاندی ئۆکرانیا، سەردانی مۆسکۆ دەکات و لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا کۆ دەبێتەوە.
سێشەممە، 11ـی ئاداری 2025، ماریا زاخاڕۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند "ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەم هەفتەیەدا سەردانی مۆسکۆ دەکات و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا کۆ دەبێتەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا راشیگەیاند، پەیوەندییەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا لە بەهێزبووندان.
ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە کۆتایهێنان جەنگی سێ ساڵە ئۆکرانیا و ڕووسیا.
بوگیرەی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، مانگی ڕابردوو، ستیڤ ویتکۆف لە مۆسکۆ چاوی بە ڤلادیمێر پوتین کەوتووە. لەگەڵ خۆیدا مارک فۆگێل، مامۆستای قوتابخانەیەکی ئەمەریکی بردووتەوە واشنتن، کە بەهۆی هەڵگرتنی ماددەی هۆشبەر (ماریوانا) کە وەک دەرمانی پزیشکی بەکاری دەهێنا، سزای 14 ساڵ زیندانی لە ڕووسیا بەسەردا سەپێنرابوو.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 11ـی ئاداری 2025، هەر یەک لە شاندی ئۆکرانیا و ئەمەریکا لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگ و ئیمزا کردنی ڕێککەوتننامەی کانزایی کۆ ببنەوە.