نهێنییەکانی پشت ڕێککەوتنەکەی عەبدی و شەرع

مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع دوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکە (وێنە: ئاژانسی سانا)
مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع دوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکە (وێنە: ئاژانسی سانا)

کەناڵی "جەزیرە"ـی قەتەری، بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی سەربازی، نهێنییەکانی پشت ڕێککەوتنامەکەی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، بڵاو کردەوە. 

بە گوێرەی سەرچاوەکان، ڕێککەوتنەکە بە خێرایی ئیمزا نەکراوە، بەڵکوو دەرئەنجامی گفتوگۆی زیاتر لە دوو مانگ بووە لە نێوان دەسەڵاتی نوێی سووریا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان. باس لەوەش کراوە، ڕێککەوتنەکە لەسەر بنەمای تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی سووریادا ئیمزا کراوە و هەردوولا لە کۆی 10 خاڵی ناکۆک، لەسەر نۆ خاڵ ڕێککەوتوون. 

لە ڕۆژئاوای کوردستان 26 زیندان هەن کە زیاتر لە 12 هەزار چەکداری داعشیان تێدایە و لەلایەن ئەمەریکا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە سەرپەرشتیی دەکرێن. 

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، تاکە خاڵ کە تاوەکوو ئێستەش مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع ناکۆکن لەسەری، سەرپەشتیی زیندانەکانی ئەندامانی دەستگیرکراوی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشە لە ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە ئەمەریکا  و هەسەدە سوورن لەسەر ئەوەی، ئەو 26 زیندانەیە لەژێر چاودێریی ئەواندا بن، نەک دەسەڵاتی نوێی سووریا. 

 

ساتی ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع (وێنە: ئاژانسی سانا)

 

ئەوەش خراوەتە ڕوو، ئەحمەد شەرع دەیویست بە هەر ڕێگەیەک بێت، ڕێککەوتنەکە لەنێوان حکوومەتی نوێی سووریا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان ئیمزا بکرێت، زۆر سازشی بۆ مەزڵووم عەبدی کردووە و داوای کردووە، جارێ لە قۆناغی یەکەمدا ڕێککەوتن لەسەر ئەو خاڵانە ئیمزا بکرێت کە لێکگەیشتنیان لەسەری هەیە و لە قۆناغی داهاتوودا، گفتوگۆ لەسەر تاکە خاڵی ناکۆک بکرێت. 

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ئەحمەد شەرع لە گفتوگۆکاندا جەختی لە یەکپارچەیی خاکی سووریا کردووەتە و  چەند جارێک بە مەزڵووم عەبدی گوتووە "هەموو هەوڵێکم بۆ یەکڕیزیی نێوان گەلانی سووریادایە بەبێ هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی."

هەرچەندە دەگوترێت ڕێککەوتنەکەی عەبدی و شەرع بە نێوەندگیریی ئەمەریکا کراوە، بەڵام ئەو سەرچاوانە باسیان لەوە کردووە، کاتێک مەزڵووم عەبدی چووەتە دیمەشق، فەرماندەیەکی سەربازیی ئەمەریکیشی لەگەڵ بووە، بەڵام سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا ڕەتی کردووەتەوە لەگەڵی کۆ ببێتەوە و گفتوگۆکانیش دوور لە چاودێریی ئەو فەرماندەیە بەڕێوە چوون. 

ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی عەبدی و شەرع

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 10-03-2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، ڕێککەوتنێکی هەشت خاڵییان ئیمزا کرد. 

ئەو خاڵانەی ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە:

1- گەرەنتیکردنی مافی هەموو سوورییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداریی لە پرۆسەی سیاسیدا و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی بێ گوێدانە پاشخانە ئایینی و نەتەوەییەکانیان.

2- کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتییبوونیان دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانیان بۆ دابین دەکات.

3- ڕاگرتنی شەڕ لەنێو هەموو خاکی سووریادا.

4- تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای کوردستان) لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتیی دەوڵەتی سووریا، لەنێویاندا دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، کێڵگە نەوتی و گازییەکان.

5-گەرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە و پەنابەرە سوورییەکان بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان و پاراستنیان لە لایەن دەوڵەتی سووریاوە.

6- پشتیوانیی دەوڵەتی سووریا لە ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو ئەو هەڕەشانەی کە مەترسین لەسەر ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەی.

7-ڕەتکردنەوەی بانگەشەکانی دابەشبوون و ڕق و کینە و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشووب لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا دا.

8- لیژنە جێبەجێکارەکان کار و هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەدەن بە شێوەیەک کە لە کۆتایی ئەم ساڵ تێ نەپەڕێت.