ساڵح موسلیم: ڕێککەوتننامەکەی عەبدی و شەرع لەگەڵ پەیامەکەی ئۆجەلان دەگونجێت
گوتەبیژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەیەدە ڕایگەیاند، ڕێککەوتننامەکەی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی لەگەڵ پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان دەگونجێت.
ساڵح موسلیم، گوتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) لە چاوپێکەوتنێکدا، لەبارەی پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕایگەیاند "خۆمان بە بەشێک لەو پەیامەی ئۆجەلان دەزانین و لە دەرەوەی قسەکانی نین."
گوتەبێژی پەیەدە باسی لەوەش کرد "پەیامەکەی ئۆجەلان پێمان دەڵێت، لەسەر ڕێگەیەکی ڕاستین و دەمانەوێت ببین بە بەشێکی دانەبڕاو لە سووریا."
ساڵح موسلیم ڕێککەوتنەکەی ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی بە "دەستکەوتێکی گەورە" بۆ خۆیان پێناسە کرد و ئاماژەی بەوە دا "ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئەو پەیام و بانگەوازانەی لەلایەن ئۆجەلانەوە ئاراستە کراون، دەگونجێت."
ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی عەبدی و شەرع
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 10-03-2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، ڕێککەوتنێکی هەشت خاڵییان ئیمزا کرد.
ئەو خاڵانەی ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە:
1- گەرەنتیکردنی مافی هەموو سوورییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداریی لە پرۆسەی سیاسیدا و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی بێ گوێدانە پاشخانە ئایینی و نەتەوەییەکانیان.
2- کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتییبوونیان دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانیان بۆ دابین دەکات.
3- ڕاگرتنی شەڕ لەنێو هەموو خاکی سووریادا.
4- تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای کوردستان) لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتیی دەوڵەتی سووریا، لەنێویاندا دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، کێڵگە نەوتی و گازییەکان.
5-گەرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە و پەنابەرە سوورییەکان بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان و پاراستنیان لە لایەن دەوڵەتی سووریاوە.
6- پشتیوانیی دەوڵەتی سووریا لە ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو ئەو هەڕەشانەی کە مەترسین لەسەر ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەی.
7-ڕەتکردنەوەی بانگەشەکانی دابەشبوون و ڕق و کینە و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشووب لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا دا.
8- لیژنە جێبەجێکارەکان کار و هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەدەن بە شێوەیەک کە لە کۆتایی ئەم ساڵ تێ نەپەڕێت.