ئافرەتێک 70 هەزار دۆلار و 24 مسقال زێڕ بە جادووگەرێک دەدات

ئافرەتێک لەو هەولێر ، 70 هەزار دۆلار و 24 مسقال زێڕ بە جادووگەرێک دەدات بۆ ئەوەی جادووی بۆ بکات و لە مێردەکەی جیا بێتەوە.

کەسێک لە هەولێر بە ناوی شێخ و ئایینەوە جادووی بۆ هاووڵاتییان کردووە، تەنانەت ئەو کەسە نوێژیش ناکات، لەگەڵ ئەوەی خۆی کردووە بە شێخ و جادوو بۆ خەڵک دەکات، کەچی خەڵک چووەتە لای بۆ ئەوەی نوشتە و جادووی بۆ بکات.

ئافرەتێکی تەمەن 41 ساڵان  چووەتە لای ئەو بەناو شێخە بۆ ئەوەی جادووی بۆ بکات تاکوو لە هاوسەرەکەی جیا ببێتەوە، لە بەرامبەر ئەوەدا جادووگەرەکە 70 هەزار دۆلار و 24 مسقال زێڕی لەو ئافرەتە وەرگرتووە بۆ ئەوەی جادووی بۆ بکات، هێزە ئەمنییەکانیش بەو کارەیان زانیووە و ئەو کەسەی خۆی بە شێخ ناساندووە، دەستگیریان کردووە.

ئافرەتەکە دەگێڕێتەوە دەڵێت: ژیانم خۆش نەبوو، ویستم لە مێردەکەم جیا ببمەوە، چوومە لای ئەو جادووگەرە، جادووگەرەکە گووتی: خۆشتم دەوێ و دەتهێنم و ڕێگەنادەم لەو ژیانەی بژی.

ئافرەتەکە دەڵێت: ئەو جادووگەرەم لەڕێگەی سۆشیال میدیا بەناوی (شێخ تەحسین) ناسی، بە ماوەی ساڵێک نزیکەی 70 هەزار دۆلار و 24 مسقال زێڕی لێسەندم بەناوی جادوو و نوشتە، دەشیگوت  پارەکان دەسووتێنم، وا نیشانی دەدا کە شوفێر و پاسەوانی هەیە، کەچی هەر سێ کەس هەر بەخۆی بوو، پاش ئەوەی دێتە شوێنێک بۆ ئەوەی  پارە وەربگرێت، هێزەکانی پۆلیسی هەولێر دەستگیریان کرد.