مزگەوتی گەورەی قەڵای هەولێر نۆژەن دەکرێتەوە
سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵاتی هەولێر(بە وەکالەت) ڕایگەیاند: مزگەوتی گەورەی قەڵا و چەند شوێنی دیکەش لەسەر قەڵا نۆژەن دەکرێنەوە.
سێشەممە 11ـی ئاداری 2025، فەلاح حەسەن، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر(بە وەکالەت) بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کارەکانی نۆژەنکردنەوە لە مزگەوتی قەڵای هەولێر دەستی پێکردووە، لەگەڵ شوێنەکانی دانیشتن و سەوزایی شەقامی سەرەکی قەڵات.
سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر ئاشکرای کرد، لەماوەی تەنها دوو هەفتە، کاری نۆژەنکردنەوەی ناو دەرگای سەرەکی قەڵاتیان تەواو کردووە، هەرچەند کارکردن لە دەستشۆری گشتی و ڕێڕەوەکانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەردەوامە.
مزگەوتی گەورەی قەڵات کەتووەتە گەرەکی سەرا، مزگەوتەکە چەندین جار نۆژەنکراوەتەوە، لەوانەش ساڵانی 1719 – 1720.