سوودانی ڕەزامەندیی لەسەر ڕاسپاردەکانی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەی گوندی شەناغە دا

سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕەزامەندیی لەسەر ڕاسپاردەکانی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەی گوندی شەناغەی سنووری سەرگەڕان دا.
لەسەر ڕاسپاردەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەکەی گوندی شەناغە پێکهێنرا و لێژنەکە سەردانی گوندەکەیان کرد و ڕاسپاردەی خۆیان بۆ سەرۆک وەزیران بەرز کردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 11ـی ئاداری 2025، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نووسراوێکدا، کە کۆپیەکی دەستی کوردستان24 کەوتووە، ڕەزامەندیی لەسەر ڕاسپاردەکانی لێژنەکە دا.
دووشەممە 17ـی شوباتی 2025، سوپای عێراق لە گوندی شەناغە، هەوڵیاندا ڕێگریی لە کێڵانی زەویی جووتیارانی کورد بکەن، جووتیارانیش ڕووبەڕوویان بوونەوە و گوێیان بە هەڕەشەکانی سوپا نەدا و دەستیان بە کێڵانی زەوییەکانیان کرد.
سوپای عێراق ئاماژەیان بەوە کرد، بڕیاریان بۆ هاتووە ڕێگریی لە جووتیارانی کورد بکەن لەوەی زەوییەکانیان بکێڵن، بەڵام جووتیارانی کوردیش ڕژدبوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت زەوییەکانیان بکێڵن و خاکەکەیان بەجێ نەهێڵن.
گرتە ڤیدیۆی یەکێک لە جووتیارانی گوندی شەناغە کە کوردستان24 بڵاوی کردەوە، سۆشیال مێدیای تەنی و کاردانەوەیەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، لە گرتە ڤیدیۆکەدا، سەربازێکی سوپای عێراق جووتیارەکەی لەسەر تراکتۆرەکەی بە ملپێچەکەیەوە ڕادەکێشا بۆ ئەوەی ڕێگریی لێ بکات لە کێڵانی زەوییەکەی، بەڵام جووتیارەکە سەرەڕای ئەوەی خەریک بوو بخنکێ، ئامادە نەبوو واز لە کێڵانی زەوییەکەی بهێنیت و گوتی: "وەڵا لەسەر تراکتۆرەکەم دانەبەزم".