زۆرانبازێکی کورد "خێراترین بردنەوە" لە مێژووی پاڵەوانیێتییەک تۆماردەکات

ماکوان ئەمیرخانی هیچ چانسێکی بە بەرامبەرەکەی نەدا دەست بکاتەوە

K24 – ئیمارات

لە یارییەکی جیهانیی زۆرانبازی، ماکوان ئەمیرخانی پاڵەوانی کورد، توانی پاڵەوانی بەرامبەری بەچۆکدا بدات و  بە تەنیا سێ خولەک یارییەکەی لێی بباتەوە.

ماکوان ئەمیرخانی، پاڵەوانی زۆرانبازی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە وڵاتی فینلاند دەژی، لە سەرجەم یارییە نێودەوڵەتییەکاندا ئاڵای کوردستان و فینلاند بەیەکەوە بەرزدەکاتەوە.

ماکوان لە سەرەتای یارییەکەدا، بەرامبەرەکەی بەچۆکدا دا و لەهۆشخۆی چواند، بەجۆرێک لەکاتێکدا زۆرانبازییەکەی بردەوە، دانی هێنری، پاڵەوانی بەرامبەری هێشتا بەهۆش خۆی نەهاتبووەوە.

ماکوان ئەوەندە بەخێرایی هێرش دەکاتە سەر دانی، هیچ چانسێکی پێنادات بەرگری لەخۆی بکات، خێراییەکەی ئەوەندە زۆرە، کە کۆمێنتاری یارییەکە دەڵێ "ئەمە خێراترین بردنەوەیە لە مێژووی پاڵەوانیێتییەکە".

یارییەکە بەیانیی یەکشەممە (12-7-2020) لە چوارچێوەی پاڵەوانیێتیی شەڕی کۆتایی (UFC)، کە تایبەتە بە هونەرەکانی شەڕکردن، لە ئەبوزەبی ئەنجامدرا.