ئەمەریکا هاوکارییەکی دارایی لەسەر عێراق دەبڕێت
لە چوارچێوە بڕیارە چاکسازییەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی خەرجی و هاوکارییە دەرەکییەکان، هاوکارییەکی عێراق بۆ یارمەتی قوربانییانی ئەشکەنجەدراو و کەسوکاری ونبووان دەبڕێت، کە تاوەکوو ئێستا لەلایەن ئەمەریکاوە دابین دەکرێت.
ڕاڤینا شامدسۆن، گوتەبێژی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، لە واشنتنەوە ئاگادارییەکیان پێگەشتووە، بۆ ڕاگرتنی هاوکاریی دارایی پڕۆژەکانی گینیای ئیکواتۆریال، عێراق، ئۆکرانیا و کۆڵۆمبیا کە لەلایەن ئاژانسی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دابین دەکرێت.
لە عێراق ئەو پرۆژە هاوکارییە ماددیانە لەخۆ دەگرێت، کە یارمەتی قوربانیانیانی ئەشکەنجەدراو لەگەڵ هاوکاریی دارایی ئەو خێزانانە دەگرێتەوە، کە کەسوکاریان بەهۆی شەڕ یان بەهۆی چالاکیی سیاسییەوە دیار نەماون، یان زیندانی سیاسی چارەنووسیان نادیارە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، واشنتن یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی پێشکەشکاری دارایی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەشێوەیەک لە ساڵی ڕابردوودا %14 بودجەکەی هاوکارییەکان لەلایەن ئەمەریکاوە دابینکراوە.