پرۆژەی ڕووناکی لە سێ گەڕەکی سەنتەری دهۆک جێبەجێ دەکرێت

پرۆژەی ڕووناکیی 24 کاتژمێری لە سێ گەڕەکی سەنتەری شاری دهۆک جێبەجێ دەکرێت. وەزارەتی کارەباش دەڵێت: تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ، هەموو هاووڵاتییانی شارەکە دەبنە خاوەن کارەبای 24 کاتژمێری. 

چوارشەممە، 12-03-2025، ئەردەلان دۆسکی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە قۆناغی یەکەمدا، پرۆژەی ڕووناکی لە قەزای ئامێدی، بازاڕی دهۆک و چەند پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون بە سەرکەوتووانە جێبەجێ کرا، بەمزووانە پرۆژەکە لە سێ گەڕەکی سەنتەری شارەکەش جێبەجێ دەکرێت."

ئەردەلان دۆسکی باسی لەوەش کرد "بە مەبەستی جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕووناکی، ئێستە تیمەکانی وەزارەتی کارەبا سەرقاڵی پشکنین و دانانی میتەرن بۆ زیاتر لە 11 هەزار هاوبەشی کارەبا لە هەر سێ گەڕەکی (سەرهەلدان، بەڕۆشکێ و کانی مەهمەدکی)ـی شاری دهۆک و تاوەکوو کۆتایی ئەم مانگە کارەبای ئەو سێ گەڕەکە دەبێتە 24 کاتژمێری."

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەبا دووپاتی کردەوە "بە گوێرەی ئەو پلانەی دانراوە، تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2025، پرۆژەی ڕووناکی لە سەرتاسەری شاری دهۆک جێ بەجێ دەکرێت و هاوبەشانی کارەبا لەو شارە دەبنە خاوەن کارەبای 24 کاتژمێری." گوتیشی: "تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2026 پرۆژەی ڕووناکی لە هەموو هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت."

لەبارەی ئەو کەسانەی دژایەتیی پرۆژەی ڕووناکی دەکەن، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەبا گوتی: "ئەوانەی دژایەتی ئەم پرۆژەیە دەکەن، زۆر ڕوون دیارە کێن، ئەوانەن کە داژیەتیی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن، سەرپێچی دەکەن، ساڵانێکە لەسەر حیسابی هاووڵاتییان کارەبای نیشتمانی بەکار دەهێنن، پارەی کارەبایان نەداوە و بە فرتوفێڵی جۆراوجۆر خۆیان لە کرێی کارەبا دۆزیوەتەوە، بۆیە دەیانەوێت کێشەی کارەبا بەردەوام بێت و پرۆژەی ڕووناکی جێبەجێ نەکرێت."

بە گوتەی دۆسکی، پرۆژەی ڕووناكیی، ئەم سوودانەی هەیە:

1. كارەبایەكی 24 كاتژمێریی بەردەوام بۆ هاووڵاتییان زامن دەكات و بە شێوەیەکی ڕیشەیی كێشەی كارەبا چارە دەکات.

2. نرخەكەی بەگوێرەی پێوەرە جیهانییەكان و بە ڕەچاوكردنی داهاتی تاكەكەسی دانراوە و گونجاوە.

3. ڕەچاوی ئەو هاووڵاتی و خێزانە كەمدەرامەت و هەژار و چینی مامناوەند دەكرێت كە (وات- ئەمپێر)ی كەمتر خەرج دەكەن.

4. كەمكردنەوەی پاڵپشتی كرێی كارەبای نیشتمانی بڕە داهاتێكی باشتر زامن دەكات بۆ ڕێكخستن و باشكردنی تۆڕی كارەبای نیشتمانی و پەرەپێدانی.

5. دووكەڵ و ژاوەژاوی مۆلیدە ئەهلییەكان ناهێڵێت كە بۆ پیسبوونی ژینگە و نەخۆشی شێرپەنجە مەترسی ڕادەبەدەریان هەیە.

6. بڕی كارەبا بە شێوەیەكی دادپەروەرانە دەگەیەنێتە هاووڵاتییان و سەرپێچییەكان كەم دەكاتەوە.

7.  تێچووی زیاد لە بەكارهێنانی كارەبا كەم دەكاتەوە و تەمەنی ئامێرەكان دەپارێزێت. هاوکات سەلامەتی خەڵك و ماڵەكان لە ئاگركەوتنەوە زۆر كەم دەكاتەوە، ئەمەش كاتێك گڵۆپ و ئامێرە كارەباییەكان بە هۆشیاری و كەمتر بەكاردەهێنرێن.  

جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕووناکی لە هەولێر و سلێمانی

لە درێژەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکی، وەزارەتی کارەبا تاوەکوو ئێستە پرۆژەکەی لە بەشێکی گەڕەکەکانی هەولێر و سلێمانی جێبەجێ کردووە کە زیاتر لە 350 هەزار هاووڵاتی لێی سوودمەندبوونە.

1. ئەو گەڕەکانەی شاری هەولێر کە پڕۆژەی ڕووناکییان لێ جێبەجێ کراوە: (زانیاری، تەعجیل، عەرەبان، منارە، شادی، بەهاری نوێ، نازناز، بەختیاری، سەربەستی، کوران، کوردستان، ماجیداوە، ڕزگاری، بەهار، کرێکاران، ئازادی، ڕاستی، نیشتیمان، ڕاپەڕین، نەورۆز و ماردین).

2.   ئەو گەڕەکانەی شاری سلێمانی کە پڕۆژەی ڕووناکییان لێ جێبەجێ کراوە: (ئیبراهیم پاشا، سابونکەران، دارۆغا، حاجی حان، جادەی ئۆرزی، سەلیم بەگ و خانەقا.)