سەرۆک وەزیران داوا دەکات بەپەلە لیستی مووچەی مانگی سێ ئامادە بکرێت تا پێش جەژن دابەش بکرێت
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، هەموو هەوڵێک دەدەن تاوەکوو پێش جەژن مووچەی مانگی ئادار (سێ) دابەش بکەن.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 12-03-2025ـی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، سەرجەم وەزیرەکانی ڕاسپارد، وەزارەتەکانیان بەپەلە لیستی مووچەی مانگی ئادار (سێ) ئامادە بکەن و بۆ بەغدای بنێرن، هەروەها لە ڕۆژانی پشووشدا دەوام بکەن بۆ ئەوەی هەوڵ بدرێت پێش جەژن مووچەی ئەو مانگەش دابەش بکرێت.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بە نەورەس عەبدوڵلا، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەم مانگە زووتر لە مانگەکانی ڕابردوو، لیستی مووچە ئامادە دەکرێت. دەمانەوێت کاتمان لەبەر دەست بێت بۆ چارەکردنی هەر کێشە و بیانوویەکی نوێ کە وەزارەتی دارایی عێراق بۆمان دەهێنێتەوە، چونکە دەمانەوێت زووتر پارەکە خەرج بکرێت و بتوانین پێش جەژن مووچەی مانگی ئادار (سێ) دابەش بکەین."
ئەمە لە کاتێکدایە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، دوای دوو هەفتە لە کۆبوونەوەی چڕ و پڕی نێوان تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 12-03-2025، بڕی 957 ملیار و 925 ملیۆن و 880 هەزار و 78 دیناری وەک تەمویلی مووچەی مانگی شوبات (دوو) فەرمانبەر و مووچەخۆران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، سبەینێ پێنجشەممە، 13-03-2025، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و لە چەند ڕۆژێکدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا باس لەوەش کراوە، ئەو پارەیەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خەرج کردووە، هەمان ئەو بڕە بوو کە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە بۆ مووچەی ئەو مانگە داواکرابوو و بەبێ هیچ لێبڕینێک خەرج کراوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوەش کردووە، هەموو هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە و لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دەستەکان و سەرۆکایەتیەکان لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو، لیستی مووچەی مانگی ئادار (سێ) ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بکرێت.