لە "لیجە"ـی باکووری کوردستان یەکەم ئاگری نەورۆزی ئەمساڵ کرایەوە

لە شارۆچکەی لیجە لە دیاربەکری باکووری کوردستان، یەکەم ئاگری نەورۆزی ئەمساڵ کرایەوە.
لە باکووری کوردستان ئامادەکارییەکانی جەژنی نەورۆز بێ پچڕان بەردەوامن. ئەمڕۆ چوارشەممە، 12-03-2025، یەکەم ئاگری نەورۆز لە شارۆچکەی "لیجە"ـی دیاربەکر کرایەوە.
ئاگرەکە لە ژێر دروشمی "ڕێبەرایەتیا ئازاد، جڤاکا دیموکرات" و "نەورۆزی ئازاد بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکرات" کرایەوە. لە ڕێورەسمەکەدا ژمارەیەک بەرپرسی دیار و خەڵکێکی زۆر بەشدارییان کرد. دواتر بەشداربووان بە جلی کوردییەوە شایی و هەڵپەڕکێیان کرد، دەنگی "ژن، ژیان و ئازادی) بەرز کرایەوە.
دوێنێ سێشەممە، 11-03-2025، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ڕێوڕەسمێکدا پەیامی جەژنی نەورۆزی، لە شاری دیابەکری باکووری کوردستان خوێندەوە.
تونجەر باکرهان باسی لەوە کرد "بانگەوازێکی مێژوویی لەلایەن ئۆجەلانەوە کرا و لە قۆناغێکی زۆر گرنگداین. هەر لەو سۆنگەیەوە ئەمڕۆ پەیامی نەورۆز خوێنرایەوە، ئەم نەورۆزە زۆر گرنگە و دەبێت بە جوانترین شێوە یادی بکەینەوە."




