دواین زانیاری لەبارەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکان

گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە؟

K24- هەولێر:

تەلار فایەق، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تاوەکو 22/07/2020 گەشتەکان رادەگیرێت، بەڵام هەفتەی داهاتوو بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت کە ئایا گەشتە ئاسمانییەکان دەکرێنە یان نا.

راشیگەیاند، بەغدا داوای لە ئێمە کردووە، دیراسەی دۆخەکە بکەین و بۆچوونی خۆمان رابگەیەنین، ئەگەر هەیە هەفتەی داهاتوو گەشتەکان دەستپێبکەنەوە، بەڵام دوا بڕیار لە لای  فڕۆکەوانی بەغدایە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە وەکو فڕۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی ئامادەیین بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکەمان.

روونیشکردەوە، بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکە، زیانی زۆریان پیگەیشتووە و هەوڵ دەدەن هەنگاو بە هەنگاو لە دوای کردنەوەی فڕۆکەخانەکان قەرەبووی زیانەکان بکەنەوە.

تەلار فایەق ئەوەشی خستەڕوو، لە ئەگەری کردنەوەی فڕۆکەخانەکان، گەشتەکان بە مەرج دەبن. دەبێت رێکاری پێویست هەبێت. داواش لە هاووڵاتیان دەکەین هاوکارمان بن. دەبێت لە بری دوو کاتژمێر، هاووڵاتیان چوار کاتژمێر پێش گەشتەکەیان بێنە فڕۆکەخانە.

رەتیشکردەوە، هیچ گەشتێکی ئاسایی لە ئێستادا هەبێت و گووتی، فرۆشتن و ریکلام کردن بۆ فرۆشتنی تیکت پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و ئەوە تەنها هێلەکانی فڕۆکەوانین پێشبینی دەکەن و تیکت دەفرۆشن، بەڵام تا بڕیار نەدرێت، فڕۆکەخانەکان ناکرێنەوە.

Fly Erbil Advertisment