لە چیای ڕۆڵە مین بە سێ هاووڵاتیدا تەقیەوە و یەکێکیان گیانی سپارد

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی ئاداری 2025، چەند کەسێک کە هاوڕێی یەکترن، لە کاتی کۆکردنەوەی گژ و گیای بەهارە، لەچیای ڕۆڵە لە سنووری قەزای ڕواندز، مین پێیاندا تەقیووەتەوە و یەکێکیان گیانی سپاردووە.
کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، بەکوردستان24ی ڕاگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێ هاوڕێ بەمەبەستی کۆکردنەوەی گژوگیا چونەتە چیای ڕۆڵە لەسنووری ڕواندز، لەئەنجامی تەقینەوەی مینێک، یەکێک لەوسێ گەنجانە بەناوی محەممەد حەسەن، کە خەڵکی گوندی جۆلەمێرگـی سنوری قەزای خەلیفانە،گیانی سپاردووە.
کاروان میراودەلی گوتیشی: تیمەکانی بەرگریی شارستانی تەرمی قوربانییەکەیان لەچیاکە هێناوەتە خوارەوە و گەیەنراوەتە پزیشکی دادی سۆران.
هەر لەبارەی ئەو ڕووداوە، دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەولێر ئاشکرای دەکات "ئەو شوێنەی ئەو گەنجانە بۆی چوون، کێڵگەی مینە و نیشانەڕێژ کراوە.
دەزگای گشتیی کاروباری مین ڕایدەگەیەنێت: ئەمساڵ ئەمە یەکەم حاڵەتی تەقینەوەی مینە بە مرۆڤدا، لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.