128 مانگی بچکۆلە لە دەوری هەسارەی زوحەل دۆزرانەوە

زانا گەردوونناسەکان 128 مانگی بچکۆلەیان لە دەوری هەسارەی زوحەل دۆزییەوە. بەم جۆرە ژمارەی مانگە ناسراوەکانی ئەم هەسارە، گەیشتنە 274 دانە.

ساڵی 1655 زانای گەردوونناسی هۆڵەندی کریستیان هویجنز، "تیتان" یەکەم مانگی هەسارەی زوحەلی دۆزییەوە. تیتان تیرەکەی 5000 کیلۆمەترە و دووەم گەورەترین مانگی سیستەمی خۆرە.

دواتر، لەگەڵ پێشکەوتنی زانستی گەردوونناسی، چەندان مانگی دیکەی ئەو هەسارەیە دۆزرانەوە کە تیرەی هەندێکیان لای کەمی، دەگاتە سەدان کیلۆمەتر. 

زانایانی گەردوونناس، لەم دواییانەدا بە بەکارهێنانی تەلیسکۆپی پێشکەوتوو، توانیان زۆر مانگی بچکۆلەی دیکە کە بە دووری دەیان ملیۆن کیلۆمەتر بە دەوری هەسارەی زوحەلدا دەخولێنەوە، بدۆزنەوە. بە بەراورد لەگەڵ مەودای نێوان مانگ و زەوی کە تەنیا 400 هەزار کیلۆمەترە، مانگەکانی زوحەل زۆر لە هەسارەکەوە دوورن. 

ئەم 128 مانگە تازەیە، هەفتەی پێشوو لە لایەن ئەدوارد ئەشتۆن و هاوکارەکانی لە ئامۆژگەی زانستی گەردوونناسی لە تایوان، دۆزراونەتەوە بۆ ئەمەش تەلسکۆپی کەندی- فەرەنسییان بەکار هێناوە کە تیرەکەی 3.6  مەترە و لەسەر لووتکەی گڕکانیی ماونا کیا، بەبەرزی 4200 مەتر، لە هاوای جێگیر کراوە.

لێکۆڵینەوەکەی ئەشتۆن و هاوکارەکانی لە گۆڤاری زانستی هەسارەکاندا بڵاو کراوەتەوە، تێیدا  هاتووە، ژمارەیەکی زۆر مانگی بچکۆلەمان لە دەوری هەسارەی زوحەل دۆزیوەتەوە، کە ڕەنگە سەد ملیۆن ساڵ پێشتر، لە ئەنجامی پێکدادانی تەنی گەورەی ئاسمانی دروست بووبن.