ئەمساڵ لە سوید کەمتر جلی کوردی بۆ نەورۆز دەکرێت

ئەمساڵ کوردانی دانیشتووی سوید کەمتر جلوبەرگی کوردی بۆ جەژنی نەورۆز دەکەن، هەندێک پێیان وایە بارودۆخی خراپی ئابووری و ترسی سوید لە سەرهەڵدانی جەنگ، هەندێکیش پێیان وایە مانگی ڕەمەزان هۆکارە بۆ ئەوە.
نەورۆز بۆ کوردستانیان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات جیاوازیی نییە، ئەوان نەورۆزان جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگی کوردی نوێ دەپۆشن.
ئافرەتێکی کوردی دانیشتووی سوید دەڵێت: کەلوپەل هەمووی گران بووە، جلوبەرگ، خواردن، بەهای کەلوپەل و پێدایستییەکان بوونەتە دوو هێندە، ئەمساڵ بەهۆی خراپی ئابووریی سوێد، کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە کەمتر جلی نەورۆز دەدوورن، دەشڵێت: خەڵکی سوید ترسی لە سەرهەڵدانی جەنگ هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا کوردەکان جلوبەرگی کوردی دەدوورن و پێیان خۆشە نەورۆز بە جلی کوردییەوە بکەن.
ئافرەتێکی دیکەی کوردی دانیشتووی سوید گوتی: خەڵک ترسی هەیە، بەتایبەت ئێمەی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان چاوەڕێی وردی گۆڕانەکان دەکەین، پێمان خۆشە بە دڵێکی ئارام نەورۆز بکەین.
بانو جەعفەر، بەرگدووری جلوبەرگی کوردی ئافرەتانە لە سوید و دەڵێت: هەشت ساڵە کاری دوورینی جلوبەرگی کوردی دەکەم، دڵخۆشیی خۆی نیشاندا بەوەی هەموو ساڵێک کوردانی سوید بەخۆشیی نەورۆزیان بەڕێ کردووە و جلی کوردی زۆریان کڕیووە، بەڵام ئەمساڵ لەچاو ساڵانی پێشوو، کڕینی جلوبەرگی کوردی کەمتر بووەتەوە، دەڵێت: پێم وایە لەبەر مانگی پیرۆزی ڕەمەزانە کە ئەمساڵ کڕینی جل و بەرگی کوردی کەمی کردووە، چونکە جەژنی نەورۆز کەوتووەتە نێو ئەو مانگە، دەڵێت: دوای ڕەمەزان بارودۆخەکە وەکو پێشتر ئاسایی دەبێتەوە و ئاهەنگەکانیش دەکەونە دوای تەواوبوونی مانگی ڕەمەزان.