لاهور شێخ جەنگی: ئەمەریکا وەک شارێکی سەر بە بەرەی مقاوەمە سەیری سلێمانی دەکات

لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی هاوپەیمانیی (بەرەی گەل)
لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی هاوپەیمانیی (بەرەی گەل)

لاهور شێخ جەنگی ڕایدەگەیەنێت، ئەمەریکا، حەشدی شەعبی وەک سەرچاوەی هەڕەشە بۆسەر خۆی دەبینێت و بە دیدگای ئەو، سلێمانی شارێکی سەر بە بەرەی مقاوەمەیە.  

لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی هاوپەیمانیی (بەرەی گەل) لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند "ئەمەریکییەکان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەیامیان داوەتە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان، بەوەی سزا بەسەر ژمارەیەک کەسایەتی و دامەزراوەی عێراقیدا دەسەپێنن."

بە گوتەی لاهور شێخ جەنگی "ئەمەریکا، حەشدی شەعبی وەک سەرچاوەی هەڕەشە بۆسەر خۆی دەبینێت، هەر بۆیە دەیەوێت حەشد ملکەچی حکوومەتی بەغدا بێت، ئەگەر ئەمەش ڕووینەدا، واشنتن دەیەوێت حکوومەتێک لە بەغدا دەسەڵات بگرێتە دەست کە بتوانێت حەشد ملکەچ بکات."

لاهوور شێخ جەنگی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە ڕوو "سلێمانی لە دیدگەی ئەمەریکاوە وەک شارێکی سەر بە بەرەی مقاوەمە سەیر دەکرێت."