34 ساڵ به‌سه‌ر راپه‌ڕینی شاری دهۆك تێ ده‌په‌ڕێت

به‌ر له 34 ساڵ، له ڕۆژی 14ـی ئاداری 1991 و له ڕۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا، چه‌خماخه‌ی ڕاپه‌ڕینه مه‌زنه‌كه‌ی گه‌لی كورد بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی مافه ره‌واكانی و كۆتاییهێنان به ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركوتكار و دیكتاتۆری رژێمی پێشوو گه‌یشته شاری دهۆك.
به‌ر له ده‌ستپێكردنی ڕاپه‌ڕینی دهۆك، له ئێواره‌ی ڕۆژی 13ی ئادار، خه‌ڵكی ئه‌و شاره پلانیان بۆ هه‌ژاندنی ته‌ختی رژێم داڕشت. بۆ ئەو مه‌به‌سته‌ش بە بەشداریی پێشمەرگە و هاووڵاتییان، ڕۆژهەڵاتی دهۆك و ناوچه‌ی شندوخا تا ده‌گاته گەلی دهۆك بۆ ده‌ستپێكی ڕاپەرینی خه‌ڵكی ئه‌و شاره دەستنیشانكران و چاوەرێی كاتژمێر 4:00ـی به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی دواتر بوون، كه وه‌ك كاتژمێر سفری چالاكییه‌كه دیاریكرابوو.
به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی 14ـی ئادار كه هاوكاته له‌گه‌ڵ یادی له‌دایكبوونی ڕێبه‌ری نه‌ته‌وه‌ی كورد، مه‌لا مسته‌فا بارزانی، ئافره‌ت و منداڵ و به‌ساڵاچوو بێ جیاوازی به‌شدارییان له‌و ڕۆژه مێژووییه‌دا كرد و له ماوه‌ی كه‌متر له ڕۆژێكدا شكستی ته‌واویان به‌و نه‌هامه‌تیانه هێنا، كه ماوه‌ی چه‌ندان ساڵ بوو رووبه‌ڕووی گه‌لی كورد ده‌كرانه‌وه.
له به‌شێك له‌و دامه‌زراوانه‌ی ڕژێم كه ئاماده‌ی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان نه‌بوون، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی راسته‌وخۆ له نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی ڕژێم ڕووی دا و دوای شه‌هیدبوونی ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه، خه‌ڵكی دهۆك و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه تا ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ توانییان سه‌ركه‌وتن تۆمار بكه‌ن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و خڕۆشانه‌ی له خوێنی سته‌مدیده‌ی گه‌لی كوردا جۆش درابوو، بووه هۆی داڕووخانی وره‌ی هێزه‌كانی سته‌مكار له ته‌واوی قه‌زا و ناحیه‌كانی ده‌وروبه‌ری دهۆك، ئه‌مه‌ش وایكرد، زۆربه‌ی دامه‌زراوه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان له سنووری ئه‌و پارێزگایه به‌بێ هیچ به‌رگرییه‌ك خۆیان به‌ده‌ست ئیراده‌ی گه‌له‌وه بده‌ن.
ئازادكردنی شاری دهۆك درێژكراوه‌ی ڕاپه‌ڕینی كورد بوو به‌رامبه‌ر سته‌مكارییه‌كانی رژێم، كه پێشتر له ڕۆژی 5ـی ئه‌و مانگه له شاری رانییه چه‌خماخه‌ی دابوو، بوو به هانده‌رێك بۆ درێژه‌دانی كورد به‌و ئه‌ركه‌ی ده‌ستی پێ كردبوو و تا ڕۆژی 21ـی ئادار و ئازادكردنی شاری كه‌ركووك له‌و ڕۆژه‌دا، به هه‌ڵكردنی یه‌كه‌م ئاگری نه‌ورۆز به ئازادی، ته‌واوی خاكی هه‌رێمی كوردستان له‌ده‌ست رژێمی داگیركا‌ر ئازاد كرا.