34 دەستبەسەرکراوەکەی چوار شارەوانیی ئیستانبووڵ ڕەوانەی دادگا کران

بە تۆمەتی گەندەڵی و هاوکاریی تیرۆر، 34 دەستبەسەرکراوی چوار شارەوانیی ئیستانبووڵ ڕەوانەی دادگا کران.

34 دەستبەسەرکراوی شارەوانییەکانی ساریەر، شیشلی، ئاتاشەهیر و ماڵتەپەی پارێزگای ئیستانبووڵ کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی دژی پارتی "بەرەی ئازادی گەلیی شۆڕشگێر" دەستگیر کرابوون، ڕەوانەی دادگا کران. لەنێو دەستگیرکراواندا سەرۆکی پێشووی شارەوانیی ساریەر "شوکرو گێنج" یشی تێدایە. 

بە گوێرەی دۆسیەکە، دەستگیرکراوان لەنێوان ساڵانی 2014 بۆ 2016ـدا گەندەڵییان لە هەندێک تەندەری شارەوانییدا کردووە و تۆمەتی دابینکردنی پاڵپشتیی دارایی بۆ پارتی بەرەی ئازادی گەلیی شۆڕشگێریان لەسەرە.  

پارتی بەرەی ئازادی گەلیی شۆڕشگێر یان (دێ هاچ کا پێ جێ) لە تورکیا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی و پارتێکی قەدەغەکراوە، لەسەر ئایدۆلۆژیای مارکسیست-لێنینیست دامەزراوە و دەستی لە کۆمەڵێک کردەوەی چەکداریی و کوشتن هەیە.