ئەنەکەسە: دەستووری نوێی سووریا ڕێگەی بە بەردەوامیی قۆرخکردنی دەسەڵات داوە

هەینى، 14-03-2025، ئەنجوومەنى نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە ڕاگەیەنراوێکدا، دەستوورى کاتیى سووریای ڕەت کردەوە.
ئەنەکەسە لە ڕاگەیەنراوەکەیدا باسی لەوەش کردووە: "سەرمان سوڕما بەو دەستوورە کاتییەی ڕۆژی پێنجشەممە، 13-03-2025، لە دیمەشق دەرچوو، نائومێدکەر و دوور بوو لە خواستەکانی بنیاتنانی دەوڵەتێکی دیموکراسی کە ڕەنگدانەوەی فرەچەشنی ڕاستەقینەی کۆمەڵگای سووریا بێت. ڕەشنووسی ئەم دەستوورە لەلایەن لیژنەیەکەوە ئامادەکراوە کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتە سیاسی و نەتەوەیی و ئایینییە جۆراوجۆرەکانی نەدەکرد، ئەمەش وایکرد، هەمەلایەنەیی و کۆدەنگیی نیشتمانیی لە ڕەشنووسەکەدا نەبێت و ببێتە هۆی بەردەوامبوونی ڕێبازی وەدەرنان و قۆرخکردنی دەسەڵات."
ئەنەکەسە دووپاتیشی کردووەتەوە، دەستووری نوێ "واقیعی ناسنامەی سووریا وەک دەوڵەتێکی فرە نەتەوەیی و فرە ئایینی پشتگوێ خستووە و مافی نەتەوەیی و ئایینی پێکهاتەکانی زامن نەکردووە، بەڵکوو یەک ناسنامەی نەتەوەیی بەناوی دەوڵەتەوە دامەزراندووە. هەروەها بە پاراستنی ئەو مەرجەی کە سەرۆکی کۆمار لە هەمان ئایین بێت، پرەنسیپی بێلایەنکردنی دەوڵەتی لە ئایینەکان پێشێل کرد، ئەمەش پێچەوانەی بنەماکانی هاوڵاتیبوونی یەکسانە کە بڕیارە بناغەی هەر سیستەمێکی دیموکراسی بێت."
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا ئەوەشی خستووەتە ڕوو "دەستوورە نوێیەکە سیستەمی مەرکەزیی حکوومەتی بەهێزتر کرد و دەسەڵاتی فراوانی بە سەرۆک کۆمار بەخشی، بەبێ گەرەنتی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان یان هاوسەنگی دامەزراوەیی، ئەمەش ترسی سەرهەڵدانەوەی ستەمکاری بە فۆرمی نوێ زیاتر دەکات. هەروەها دەستوورەکە ژمارەیەک بڕگەی سنووردارکردنی زیاتری مافی ئافرەتان و ئازادییە مەدەنی و تاکەکەسییەکانی لەخۆگرتووە."