ترەمپ بۆ گرێبەستی ئۆکرانیا جارێکی دیکە قسەی لەگەڵ پوتین کردەوە
گرووپی حەوت هەڕەشە لە ڕووسیا دەکەن

ترەمپ ئاشکرای کرد جارێکی دیکە قسەی لەگەڵ پوتین کردووەتەوە لەسەر ئاگربەستی جەنگی ئۆکرانیا، دەشڵێت: دەرفەتێکی باش هاتووتە پێش بۆ ئەوەی ئەو جەنگە خوێناوییە کۆتایی پێ بێت. هەروەها پرسی ئاگربەست و بەردەوامی جەنگی ئۆکرانیا وڵاتانی ئەندامی گرووپی حەوتی نیگەران کردووە و لە یاداشتێکی هاوبەشدا هەڕەشە لە مۆسکۆ دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترەس ئەمڕۆ هەینی 14ی ئاداری 2025، نووسیویەتی: دوێنێ پێنجشەممە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا گفتوگۆیەکی باش و بەرهەمدارمان لەبارەی کۆتاییهێنانی جەگی ئۆکرانیا هەبووە.
ترەمپ ڕاشیگەیاندووە، دەرفەتێکی باش هاتووتە پێش بۆ ئەوەی ئەو جەنگە خوێناوییە کۆتایی پێ بێت.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەشیداوە، ئێستاکە هەزاران سەربازی ئۆکرانیا لەلایەن سوپای ڕووسیاوە گەماڕۆ دراون و لە بارودۆخێکی دژواردان، هەربۆیە داوام لە پوتین کردووە لەو سەربازانە خۆش بێت، چونکە هەر کردەیەکی سەربازی لە دژیان دەبێتە قێزەونترین کۆمەڵکوژی لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی.
— Rapid Response 47 (@RapidResponse47) March 14, 2025
گرووپی حەوت هەڕەشە لە ڕووسیا دەکەن

هەر لە بارەی مەترسییەکانی فراوانی جەنگ، ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەمڕۆکە زانیاریی ناوەرۆکی یاداشتێکی هاوبەشی گرووپی حەوتی ئاشکرا کردووە، کە بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز، هێشتا یاداشتەکە بڵاو نەکراوە، بەڵام کۆپییەکیان بە دەستکەوتووە، وڵاتانی گرووپەکە جەختیان کردووەتەوە، کە دەبێت ئاسایشی وڵاتەکانیان بەهێز بکەن، بۆ ئەوەی بە فشار ڕووسیا ناچار بکەن بە پشنیازی ئاگربەستی ئۆکرانیا ڕازی بێت.
لە یاداشتە هاوبەشەکەدا هۆشداری دەدەنە ڕووسیا، ئەگەر بە پێشنیازەکە ڕازی نەبێت، ئەوە ڕووبەڕووی سزای زیاتری ئابووری دەکەنەوە، داواش دەکەن بە تەواوی پابەندی ئاگربەستەکە ببێت.
جەختیشیان کردووتەوە، هەر ئاگربەستێک دەبێت ڕێز لە بەها و گرنگی ڕێوشوێنی ئەمنی بگرێت، بۆ ئەوەی دڵنیایی بدات کە ئۆکرانیا لە داهاتوودا بتوانێت بەرگری لەخۆی بکات.
یاداشتەکە لە لایەن دیبلۆماتەکانی گرووپی حەوت پەسەند کراوە و تەنیا ڕەزامەندی وەزیرانی دەرەوە ماوە بۆ ئەوەی بڵاو بکرێتەوە.
گرووپی حەوت پێکهاتووە لە بەریتانیا، کەنەدا، فەرنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن و ئەمەریکا.
سێشەممە 11ـی ئاداری 2025، هەردوو لایەنی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لەسەر پرسی ڕاگرتنی جەنگی ڕووسیا - ئۆکرانیا لە جەددەی سعوودیە کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی: ئۆکرانیا ڕازی بووە بە پێشنیازی دەستبەجێی ڕاگرتنی جەنگ لەگەڵ ڕووسیا بۆ ماوەی 30 ڕۆژ.
پێنجشهممه، 13ـی ئاداری 2025، ڤلادیمێر پوتین، سهرۆكی ڕووسیا ڕاگهیاندبوو، پشتگیری له پێشنیازیی ئاگربهستی سی ڕۆژه لهگهڵ ئۆكرانیا دهكات، بهڵام هێشتا ناكۆكی و جیاوازی ورد لهمبارهوه ههیه و پرسیار ئهوهیه ئایا ئۆكرانیا ئهو ماوهیه چۆن وهبهرهێنانی تێدا دهكات و دهیقۆزێتهوه.