پزیشکێکی چینی چەند نهێنییەک لەبارەی کۆرۆنا ئاشکرا دەکات

چینی بەجێهێشتووە

K24- هەولێر:

پزیشکی بواری ڤایرۆسناسی، لی مێنگ، کە سەرەتای ئەمساڵ چینی بۆ ئەمەریکا بەجێهێشت دەڵێت، ئەگەر حکومەتی چین رێگای لەو نەگرتایە، ژیانی زۆر کەس لە دەست کۆرۆنا رزگاری دەبوو.

دەشڵێت، ئەمە پەتایەکی زۆر گەورەیە لە جیهان، کاتەکەش زۆر گرنگە، چەند زووتر کۆنتڕۆڵ بکرێت، مردن کەمتر تۆمار دەکرێت. ئەگەر چین رێگای لە من نەگرتایە، شتەکان وەها خراپ نەدەبوون.

ئەو پزیشکە بە فۆکس نیوزی گووت، حکومەتی چین پێش ئەوەی بە فەرمی پەتاکە رابگەیەنێت، لەبارەی بوونی ڤایرۆسەکە دەیزانی، لە مانگی 12ـی ساڵی رابردوو، 40 کەس تووشبووبوون، دەشزانرا کە ڤایرۆسەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پزیشکان نەیاندەتوانی هیچ بڵێن، حکومەتی چین زۆر تووندە بەرامبەر ئەوانەی زانیارییەکان ئاشکرا دەکەن، دووپاتیشی دەکاتەوە، ئاشکراکردنی بەڵگەکان لەسەر چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، زۆر گرنگە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر.