قۆناغێکی دیکەی خزمەت.. کارەبا لە هەولێرەوە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان
K24 – هەولێر
وێستگەی 300 مێگاواتی کارەبای هەڵمی خەبات کرایەوە، کە لە هەولێرەوە رێژەی 10٪ـی کارەبای هەرێمی کوردستان زیاد دەکات. سەرۆکی حکومەتیش لە مەراسیمی کردنەوەی وێستگەکە پەیمانی بە هاووڵاتییان دا "سه‌ره‌ڕای دۆخی سه‌خت، به‌ڵام كۆمپانیاكان و حكومه‌تیش له پرۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان ناوەستن".
پڕۆژەی کارەبای 300 مێگاواتیی هەڵمیی خەبات کە ئەمڕۆ (سێشەممە، 14-7-2020) بەگەڕدەخرێت، دەتوانێت کارەبای هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 10٪ زیاد بکات.
پڕۆژەکە لەلایەن وەزارەتی کارەبا، کۆمپانیای پۆسکۆ و KNOCـی کۆری دروستکراوە و زیاتر لە 564 ملیۆن دۆلاری تێچووە.
وێستگەکە ئەمڕۆ لە مەراسیمێکی گەورەدا بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت کونسوڵی گشتیی کۆریای باشوور لە کوردستان لەگەڵ چەندین بەرپرسی دیکەی حکومی کرایەوە.
لە كوردستان هه‌م بەهۆی ژماره‌ی به‌كارهێنه‌رانی كاره‌با و هه‌م بەهۆی زیادبوونی كارگه‌كان و كۆمپانیاكان، پێداویستی كاره‌با زیاتر بووە، پێشتر پشت به به‌كارهێنانی گازوایل بەستراوە.
مەسرور بارزانی، لە گوتارێکدا لە مەراسیمی بەگەڕخستنی وێستگەکە رایگەیاند "ئه‌وه دووه‌م پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزارییه له‌م هه‌فته‌یه‌دا ده‌ستپێده‌كه‌ین و وهگهڕیدهخهین، ئه‌وه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه سه‌ره‌ڕای ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا هه‌یه، ئێمه به‌رده‌وامین له خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان و به‌ڵێنه‌كانمان به‌جێ ده‌گه‌یەنین".
گوتەکانی مەسرور بارزانی لەکاتێکدان رۆژی شەممەی رابردوو (11-7-2020) بە گوژمەی 400 ملیار دینار بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانیی دانا ، کە گەورەترین پڕۆژەی شاری سلێمانییە.
فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە مەراسیمەکەدا گوتی "ئەمە پڕۆژەیەکی دیکەی گەورەیە و سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە سەرەڕای ئەو دۆخە سەختەی ئابووری لە هەرێمی کوردستان، بەڵام خەمی چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا یەکێک بووە لە پرەنسیپەکانی کابینەی نۆیەم".
کارەبا لە هەرێمی کوردستان، ساڵانە بەتایبەتی لە وەرزی گەرما کێشەی بۆ دروستدەبێت، بەهۆی ئەوەی ئەو بڕە کارەبایەی بەرهەمدێت بەشی تەواوی هاووڵاتییان و کارگە و شوێنەکانی کارکردن ناکات، بەڵام بە بەگەڕخستنی ئەو وێستگەیە، کارەبا بەڕێژەی 10٪ زیاد دەبێت.
پڕۆژەکە دۆستی ژینگەیە
ئەندازیار كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبای ھەرێمی كوردستان لە مەراسیمەکەدا لە گوتارێک رایگەیاند: "وێستگەی ھەڵمی كارەبای خەبات لە دوو وەحدە پێكھاتووە و ھەر وەحدەیەك 150 مێگاوات كارەبا بەرھەمدەھێنێت و به نه‌وتی ره‌ش كار ده‌كات و به بۆری راسته‌وخۆ گه‌یه‌نراوه‌ته وێستگه‌كه و سووته‌مه‌نی به تانکەر بۆ ناگوازرێته‌وه".
وەزیری كارەبا راشیگەیاند: "پڕۆژەكە وا دروستكراوە، ھیچ زیانێك بە ژینگە و دەوروبەر ناگەیەنێت... لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان وەك وەزارەتی كارەبا چەندین پڕۆژەمان پێشكەش كردووە، بەخۆشحاڵییەوە لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر 90% دراوە و بەشێكیان كەوتوونەتە واری جێبەجێكردنەوە".
لە هەرێمی کوردستان کارەبا بە پێنج رێگە بەرهەمدێت: وێستگەی هەڵمی، وێستگەی کارۆئاوی، وێستگەی 29 مێگاواتیی نەوتی رەش، وێستگەی گازوایل و وێستگەی گازی سرووشتی.
لەم ئینفۆگرافیکەدا بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان شیکراوەتەوە: