ڤانس: ئیلۆن مەسک لەدەرکردنی فەرمانبەران هەڵەی کردووە و پێویستە بەخێرایی کارەکە ڕاست بکاتەوە

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئیلۆن مەسک هەڵەی کردووە لە جێبەجێکردنی دەرکردنی فەرمانبەرانی فیدراڵی، گوتیشی، دەبێت تێبگات چارەکردنی دۆسیەی ئابووری هەنگاو بەهەنگاو دەبێت.

جەی دی ڤانس، بە کەناڵی 'ئێن بی سی نیوز'ـی ڕاگەیاند، فەرانبەرانێکی زۆری حکوومەت هەن، کارەکانیان بە باشی دەکەن، پێویستە پارێزگاریی لەوانە بکەین، بۆ ئەوەی لەسەر کارەکانیان بەردەوام بن.

ڤانس ئاماژەی بەوەش داوە "ئیلۆن مەسک، خۆی دانی بەوەدا ناوە هەندێک کات هەڵە دەکات، دواتر چاکی دەکاتەوە، ئەمەش یەکێکە لە هەڵەکان و پێویستە بەخێرایی چاک بکرێتەوە، چونکە ژمارەیەکی زۆر فەرمانبەرانی حکوومەت کارەکانیان بە جیددی کردووە."
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، لەگەڵ ئەو پرۆگرامەی ئیلۆن مەسک پەیڕەوی دەکات، بۆ ڕێکخستنەوە داهاتی حکوومەت، ناکۆکە.

پرۆسەی دوورخستنەوەی فەرمانبەرانی حکوومەت لەلایەن ئیلۆن مەسکەوە، بووەتە هۆی ناڕەزایی و بەرزکردنەوەی سکاڵا لەلایەن دادگاکان و ناڕازاییەکانەوە.

مەسک، فەرمانبەرانی فیدراڵی بە 'فێڵباز' وەسف کردووە و دەڵێت ناتوانرێت متمانەیان پێ بکرێت.

جەی دی ڤانس، لە وەڵامی لێدوانەکانی مەسکدا گوتی "پێموایە هەندێک کەس هەن تەنیا مووچە وەردەگرن و کار ناکەن، ئێستا، چەند لەو کەسانە لەوێدان؟ نازانم، لە کۆی 3 ملیۆن فەرمانبەر چەند هەزار کەسێک  یان زیاترن."