حەسەن شەریف بەرهەمێکی عیرفانی و تەسەوفی بۆ مانگی ڕەمەزان بڵاو کردەوە

هونەرمەند، حەسەن شەریف، بەرهەمێکی نوێی بڵاوکردەوە لە بارەی بەرهەمە تازەکەی ڕایگەیاند: ئەم گۆرانییە یەکێکە لە گۆرانییەکانی ئەلبوومەکەم کە دوو ساڵ لەمەوبەر بڵاوم کردووەتەوە، هی شاعئری کۆچکردوو مەلا حەسەنی باتەییە و ناوەڕۆکی تەسەوف و عیرفانییە.
شەممە، 15ـی ئاداری 2025، هونەرمەند، حەسەن شەریف لە بارەی بەرهەمە تازەکەی، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئەم گۆرانییە یەکێکە لە گۆرانییەکانی ئەلبوومەکەم کە دوو ساڵ لەمەوبەر بڵاوم کردووەتەوە، بەڵام دوو ڕۆژ لەمەوبەر بە ڤیدیۆ کلیپ بڵاوم کردووەتەوە، ناوەرۆکی گۆرانییەکە تەسەوف و عیرفانە.
حەسەن شەریف گوتیشی: هۆنراوەی گۆرانییەکە هی شاعیری کۆچ کردووی کورد، مەلا حەسەنی باتەییە، خاوەنی مەولوودنامەی کوردییە و مێژووی هۆنراوەکەش بۆ زیاتر لە پێنج سەدە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
هەروەها ئاماژەی دا "ئامانج لە گوتنەوەی ئەم گۆرانییە زیندووکردنەوەیەتی بۆ نەوەی ئێستا، چونکە هۆنراوەکە بە تەواوی ڕەگی لەنێو هونەری کوردیدا داکوتاوە.
حەسەن شەریف، جەخت لەوە دەکاتەوە، میوزیک و ئاواز و هۆنراوەکە، تەسەوفی نێو کۆمەڵگەی کوردەوارییە، بۆیە لە مانگی ڕەمەزاندا بڵاوی کردووەتەوە.
حەسەن شەریف، یەکێکە لە هونەرمەندە ناسراوەکانی کورد لە ساڵی 1969لە دەڤەری بەرواری باڵا لە پارێزگای دهۆک لە دایک بووە و لەساڵی 1985دەستی بەگۆرانیگوتن کردووە، لە هەرچوار پارچەی کوردستان گوێگر و هەوادارێکی زۆری هەیە.