وێستگەی کارەبای خەبات دەتوانێت بەڕێژەی 10٪ کارەبا زیاد بکات
K24 – خەبات
پڕۆژەی کارەبای 300 مێگاواتیی هەڵمیی خەبات کە ئەمڕۆ بەگەڕدەخرێت، دەتوانێت کارەبای هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 10٪ زیاد بکات. پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی کۆریای باشوور دروستکراوە و زیاتر لە 564 ملیۆن دۆلاری تێچووە.
فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە مەراسیمی کردنەوەی وێستگەی کارەبای هەڵمی خەبات ئەمڕۆ (سێشەممە، 14-7-2020) رایگەیاند "ئەمە پرۆژەیەکی ستراتیژیی گەورەیە کە رووناکیی بۆ هەموو هەرێمی کوردستانە و بە پرۆژەی 300 مێگاواتی هەڵمیی خەبات بەنێوبانگە، دەتوانێت بەڕێژەی 10٪ کارەبای هەرێمی کوردستان زیاد بکات".
ئامانج لە راگەیاندن و بەگەڕخستنی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای 300 مێگاواتیی هەڵمی خەبات، کە لەلایەن کۆمپانیای هۆسکۆی کۆریای باشوور جێبەجێکراوە، بۆ برەودانە بە کەرتی کارەبای نیشتمانی.
پرۆژەکە ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت کونسوڵی گشتیی کۆریای باشوور لە کوردستان لەگەڵ چەندین بەرپرسی دیکەی حکومی کرایەوە.
تێچووی دروستکردنی ئەو وێستگەیەی کارەبا، زیاتر لە 564 ملیۆن دۆلارە. فرسەت سۆفی دەڵێ "ئەمە پڕۆژەیەکی دیکەی گەورەیە و سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە سەرەڕای ئەو دۆخە سەختەی ئابووری لە هەرێمی کوردستان، بەڵام خەمی چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا یەکێک بووە لە پرەنسیپەکانی کابینەی نۆیەم".
فرسەت سۆفی ئاشکرای کرد "وەزارەتی کارەبا و خودی وەزیری کارەبا توانیویانە کاری گەورە بکەن و ئێمە ئومێدی گەورەمان پێیانە، لە چەند مانگی رابردووشدا وەکو پارێزگای هەولێر هەڵمەتێکی گەورەی بڕینی کارەبای زێدەڕۆمان ئەنجامدا و ئەنجامی باشی هەبوو".