ئیسرائیل و حەماس مەرجی جیاوازیان لەبارەی ئاگربەست هەیە

بزووتنەوەی حەماس، بە پێشنیازەکەی نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕازی بووە، کە ئازادکردنی بارمتەیەک و ڕادەستکردنی چوار تەرم لەخۆ دەگرێت، بەڵام نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەو پێشنیازەی ڕەت کردەوە، بە فێڵ و شەڕی دەروونیی پێناسەی کردووە.

شەممە، 15ـی ئاداری 2025، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئازادکردنی عیدان ئەلیکسەندەری تەمەن 21ـی ساڵ له‌ لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسه‌وه‌  بە فێڵ  و شەڕی دەروونی وەسف کرد.

نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ ئاماژەشی دا، لە کاتێکدا ئیسرائیل بە پێشنیازەکەی ستیڤ ویتکۆف، نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ  کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕازی بووە، بەڵام حەماس هەر لەسەر هەڵوێستی خۆیەتی و هیچ نیازێکی بۆ ڕازیبوون بە پێشنیازەکە ده‌رنه‌بڕیوه‌. 

هەروەها لەو کاتەی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە کۆتایی هاتووە، ئیسرائیل هەموو دەروازەکانی لەسەر غەززە داخستووە و ڕێگە نادات هیچ بارهەڵگرێکی هاوکاری مرۆیی بچێتە ئەو کەرتە.

بەهۆی ئەوەی ویتکۆف پشتگیری لە داواکەی ئیسرائیل دەکات، حەماس ڕازی بووە بە ئازادکردنی زیندانییەک و چوار ته‌رم، ئەوەیش بەو مەرجەی قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە  دەست پێ بکات و گەمارۆکانی سەر کەرتی غەززە هەڵگرێت.
لەو بارەیەوەش عەبدوللەتیف ئەلقەنوا، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، "تۆپەکە لە یاریگای ئیسرائیلە" بۆ ئەوەی بڕیاری خۆی بدات.

هەینی 14ـی ئاداری 2025، بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند: سەربازە ئیسرائیلییە - ئەمەریکییەکە بە ناوی عیدان ئەلیکسەندەر و چوار تەرم كه‌ له‌ هه‌ردوو ڕه‌گه‌زی پیاو و ئافره‌تن ڕاده‌ستی ئیسرائیل ده‌كاته‌وه‌.

بزووتنەوەی حەماس ئاشکرای کرد "دوێنێ پێشنیازێکی نێوەندگیرەکانمان پێگەیشت بۆ دەستپێکردنەوەی گەڕی دووەمی دانوستانەکان." گوتووشیه‌تی، بە هەستکردن بە بەرپرساریەتی ئەمڕۆ بەیانی وەڵامی خۆیان داوه‌ته‌وە نێوەندگیرەکان، لە وەڵامەکەدا ئاماژەیان بە ئازادکردنی عیدان ئەلیکسەندەر و ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی چوار ته‌رمه‌كه‌ كردووه‌.

لە بەرانبەردا ئیسرائیل ژمارەیەک زیندانی حەماس ئازاد دەکات، بەڵام تاوەکوو ئێستا ژمارەکە دیاری نەکراوە.

عەبدوللەتیف ئەلقەنوا، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووه‌، بۆ سەرکەوتنی ڕێککەوتننامەکە لەگەڵ نێوەندگران کار دەکەن، بۆ ئەوەی ئیسرائیل ناچار بکەن قۆناغەکانی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بكات.

هەروەها ئاماژەشی دا، بڕیارە خەلیل ئەلحەیای، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس ئەم هەفتەیە بگاتە قاهیرە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی  ئاگربەست لەگەڵ میسر.

ڕۆژی 19-01-2025، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی میسر، قەتەر و ئەمەریکا چووە واری جێبەجێ کردنەوە، لە 2ـی ئاداری 2025 قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە کۆتایی هات، تاوەکوو ئێستا قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە دەستی پێ نە کردووە، بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل داوا دەکات قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە درێژ بکرێتەوە و حەماسیش ڕەتی دەکاتەوە و داوای دەستپێکردنی قۆناغی دووەم  و ڕاگرتنی شەڕ بۆ هەمیشە دەکەن.

لە ماوەی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە، کە نزیکەی 42 ڕۆژی خایاند، حەماس 33 بارمتەی ئیسرائیلی و ئیسرائیلیش زیاتر لە هەزار و 800 زیدانی فەڵەستینی ئازاد کرد.