باوکی جیجی و بێلا: بە بەڵگەوە ئێمە لە بنەماڵەی پێغەمبەری ئیسلامین

بەڵگەنامەکەشی بڵاوکردەوە

K24 – هەولێر

باوکی هەردوو نمایشکاری جیهانیی جلوبەرگ، جیجی و بێلا حەدید "بە بەڵگەوە دەیسلەمێنێت" ئەوان لە بنەماڵەی پێغەمبەری ئیسلامن.

محەمەد حەدید، ئەمڕۆ لە ئەکاونتی ئینستگرامی خۆی بەڵگەنامەیەکی بڵاوکردەوە، کە بڕیارێکە لە 4-3-2017 لە شاری ئیستەنبوڵی تورکیا لەبارەی لێکۆڵینەوە لە بنەچەی ئال زاهیر عومەر زێدانی دراوە.

لە بەڵگەنامەکەدا کە ژمارەیەکی زۆر واژۆ و مۆری بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەسەرەوەیە، هاتووە: بەدواداچوونمان بۆ بنەچەی ئال زاهیر عومەر زێدانی کردووە و بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی ئەوان خستوویانەتەڕوو، گەیشتووینەتە ئەو ئەنجامەی کە هیچ گومانی تێدا نییە؛ ئەوان لە بنەماڵەی پێغەمبەری ئیسلامن.

لە بەڵگەنامەکەدا ناوی باوک و باپیرانی زاهیر عومەر نووسراوە، تاوەکو دەگاتەوە پێغەمبەری ئیسلام.

محەممەد حەدید لە سەر بەڵگەنامەکە نووسیویەتی "ئەمە رەگوڕیشەی خێزانی دایکمە بنەماڵەی زاهیر عومەر ئەلزێدانی".

جیجی و خوشکە بچووکەکەی بێلا حەدید، هەردووکیان کچی محەممەد حەدیدن، کە ئەویش وەبەرهێنەرێکی ناوداری بەڕەچەڵەک فەلەستینییە لە ئەمەریکا و بە بنیادنانی ژمارەیەکی زۆر کۆشک و هۆتێلی شاهانە لە ئەمەریکا ناسراوە.

محەممەد حەدید ئەو بەڵگەنامەی لە ئینستگرامەکەی خۆی بڵاوکردووەتەوە
محەممەد حەدید ئەو بەڵگەنامەی لە ئینستگرامەکەی خۆی بڵاوکردووەتەوە