وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لەبارەی پەیامەکەی ئۆجەلان وەڵامی کوردستان24 دەداتەوە

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە وەڵامی کوردستان24 ڕایگەیاند: پێشوازیی لە پەیامەکەی ئۆجەلان دەکەین و هەموو لایەنەکانی تورکیا بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی ئاشتی هان دەدەین.
شەممە 15ـی ئاداری 2025، دلۆڤان عیمادەدەین، پەیامنێری کوردستان24 لە بەریتانیا، لەبارەی پەیامەکەی ئۆجەلان و پرۆسەی ئاشتیی تورکیا چەند پرسیارێکی ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا کرد.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، وەڵامی کوردستان24ـی دایەوە و گوتی: پێشوازیی لە پەیامەکەی ئۆجەلان و پرۆسەی ئاشتی تورکیا دەکەین، تورکیا هاوپەیمانێکی نزیکەی ئێمەیە لە ناتۆ، هەروەها هاوپەیمانێکی ستراتیجیشمانە.
وەزارەتەکە دەڵێت: بەریتانیا پەیوەست دەبێت بە پاڵپشتیکردنی ئەو هەوڵانەی کە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی ناکۆییەکان لە ناوچەکە، هەروەها ئەو هەوڵانەشی کە دەبنە هۆی بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی لە تورکیا و ڕۆڵمان دەبێت لەو بارەیەوە.
هەر لەبارەی پرۆسەی ئاشتیی تورکیاوە، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، ئاماژەی بەوە کرد، هەموو لایەنەکانی تورکیا بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی ئاشتیی وڵاتەکە هان دەدەن.
پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕاڵی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.
ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی بە زمانی کوردی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو، "پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو، "پێویستە پەکەکە چەک دابنێت، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنتەوە و بەرپرسیارەتیی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرم."